ناپل. ئیتالیا

هەزار نیشتمانی بێ نیشتمان *

من لە نزا و پاڕانەوەکانی پڕ لە زەجری باران و بیابان، بە درێژایی قەتار و تەنیایی ژێر زەمینە کانی میترۆ، بە تاق و جووت هەنگاو لە ئەرخەوانی پاییز، شەوی سارد و نماوی لە گیرفانەکانی پڕ لە بیرەوەری نامەکانی دەریا بەرەو ژووری پڕ لە کتێب و تەنیایی و زمان و چات و ئیسکایپ و فەیسبووک و کاکە و دادە و هاوڕێی دوورە دەست، دەبەمەوە. 

 

بەیانیان (نیوەڕۆکان)، کاتی لە خەو بە ئێشی پشت و شان و هەر دوو کەلەکەم، هەڵسانەکانت پڕە لە تامی مێردەزمەکانی سەرانسەر ترس و ژێرخانی زەین و ڕۆحی هەڵدراو و جەستەی ماندوو لە هەموو خولیا و خەون و مێردەزمە ناتەواوە کان....یییییی...

پڕ دەبێت لە تامی فەلسەفە و ئایدیای نووسینی وتار و چیرۆک و شیعر و پلانی بێ پلانی ژیانی بێ ژیانی وڵاتی بێ وڵاتی... کە تۆ بۆ ئەبەد هاووڵاتی وڵاتی بێ وڵاتیت... کە تۆ بەردەوام جیهان پڕ بکەیت لە تێۆریەکانی بێ سنووری و ئینتێرناسیونال جیهان وەتەنی و یەکیەتی و هەرچی تر... کە چی لە هەموو یەکێتییەکان بەشی تۆ هەر ئەو "یەک" مانەوەیە و لە هەموو پرسیارێکی سادە و ساکار بۆ هەر خەڵکێکی ساکار دەبێت وەڵامەکانت پڕ بێت لە زەجری پڕ و بەردەوامی شی کردنەوەی بەردەوام، شوناس هەویە و ناسنامەی هەستیار و نا هەستیار ... کە تۆ بەر دەوام و هەمیشە خەڵکی هیچ کوێ نیت و دەبێت بەردەوام خەڵکی شوێنێکیش بیت کە بە هیچ ناسنامەیەک بەشی ناسینی تۆ ناکات..

خەفەت لە قۆڵی کراسەکەتەوە وەک چڵمی منداڵی هەڵ دەلووشی و هەڵدەستێت لە ترسی هەزار دەرد و نە خۆشین و تەنیایی و عەشق و پەیوەندی و زمان و کار و بێ زانکۆیی، کەمێک ژوورەکەت خاوێن دەکەیتەوە بە ترس گۆشەی پەنجەرەکەت دەکەیتەوە و کاسە و کەوچکە کانی ڕەنگە چەند ڕۆژ نەشۆراو بە یەکەوە بە دەم گۆرانێکی هۆمەر دزەیییە و دەشۆیت و هەموو هەست و نەستت لە دەم کردنی فنجانێک قاوەدا کۆ دەکەیتەوە کە بەڵکوو وەکوو جاران نامەیەک، شیعرێک، شتێک بنووسیت و .. هیچت بۆ نایەت مەگەر ئەوەی بڵێیت دوێنێ پاش تاقیکردنەوەی (ئیمتحانی) زمان چەندێک سەخت و ڕەق بوو کە نەتتوانی بە کچە ئیتاڵیایەکە کە سەر سووڕ مابوو لە وەی کە دایکی تەلەفۆنی بۆ کردووە، بڵێیت، من تەواوی تەمەنم یەک جاریش تەلەفۆنم بۆ دایکم نەکردووە.... زۆر کەس لەمە تێ ناگەن، ڕەنگە لە یەکە مانادا جنێوت پێ بدەن کە چۆن مرۆڤێکی.... ئاخر مرۆڤەکان نازانن دایکت هەر کە تۆ منداڵ بوویت مردەوە. کە تۆ دایکی خۆتت نەبووە.. 

هەر وایە کە کەس لێت تێ نا گات کاتێک ناتوانیت بە دڵ بڵێیت دەچمەوە یان ناچمەوە بۆ وڵات، چونکە ماندووی لەوەی کە هەر جار باسی ئەوە بکەی کە ئەو شتەی لە مێشکی ئەواندا بە وڵاتی تۆ دەناسرێت، وڵاتی تۆ نییە، بەڵکوو ئەوە ، ئەو وڵاتەیە کە وڵاتەکەی تۆی داگیر کردووە ، ئەگەر لێت بپرسن دەی وڵاتەکەی تۆ کامەیە ماندووی لەوەیە کە لە هەر قومێکی قاوە و هەر مژێکی جگەرەدا، هەموو مێژووی سەدەی شازدە تا بیستەم شی بکەیتەوە و بڵێیت کە کوردستان چۆن بوو بە چوار بەش ..... لای هیچ کەس نەتدرکاندووە کە تۆ هیچ کات ناتوانیت حەز لە جوانترین ملی مرۆڤێکی جوان بکەیت کە خاچێکی لە ملدا بێت... دیسانەوە ڕەنگە لێت تێ نەگەن کە تۆ دژایەتی ئایینی مەسیحی ناکەیت.... تەنیا دەبێت کورد بیت بۆ ئەوەیە لە وەها شتێک تێ بگەیت... بۆ ئەوەی بێ شرۆڤە بڵێیت چوار هیچ مانایەکی بۆ من نییە و خۆشت بزانی کە درۆ دەکەیت.. 

هەناسەت وەک ئەو کاتەی کە لە مەهاباد لە ژێرخانی ماڵێکدا خۆتان داشاردبوو بە چەند ئاڵای کوردستان و چەن کتێب و.. هەڵدەچێت دەوەستێت و نقەت لێوە دەر نایەت، کاتێک لە ڕێپێوانە چەپ و ئیتنتێرناسیونالیست و کوییر فێمینیستی و ئانتی فاشیستی دا لەگەڵ هەمووان دروشمی «نە بۆ دەوڵەت، نە بۆ سنوور و...» دەڵێتەوە و تۆ دەزانی لە ناخی دڵتەوە دەڵێیت ، کە ئا بۆ سنوورەکانی کوردستان، ئا بۆ دەوڵەتی کوردستان ... و دێتەوە بیرت کە کاتێک لەگەڵ هاوڕێیەکی چەپی ئێرانیت لە سەر پرسی کوردستان، کاتێک کە ئەو گوتبووی: بەڵام دەبێت ئگادار ببین کە پرسی کوردستان نەمانباتەوە بۆ ناسیۆنالیزم، چونکە ئێمە وەک چەپ باوەڕمان بە ئینتەرناسیۆناڵیزمە و تۆش بە گاڵتەیەکی تەواو بە ڕاستەوە گوتبووت: ئا بوەستە ئێمە ببین بە ناسیۆن، جا ئەو کات دینە ناو ئیتتێرناسیۆن... لێردا بیرم دەکەوێتەوە کە درکانم کە من فڵان ساڵ لە مەهاباد بووم ئەگەرچی کاتێک کە لە ناوخۆ بوویت قەت نەتگوت بوو کە تۆ مەهاباد بوویت، ڕاستیشت دەکرد هەموو ئەو سێ ڕۆژە بە ڕۆژدا خۆتان داشاردبوو و تەنیا بە شەودا لەم ژێرخان بۆ ئەو ژێرخان خەریکی چالاکی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەو کاتانەی مەهاباد بوون.

خەفەت لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەت دەچێت بەرەو سرمیچی ماڵەکەت... لە ناو هەوری دووکەڵی ناو ژوورەکەت دا لە هەڵمی گەرمی پرسیاری بێ وەڵام، کە چۆنە من لە هەموو وڵاتەکانی دونیا، دەتوانم زمانی دایکی خۆم فێر بم دەتوانم ، دەتوانم ببم بە وەزیر، پەرلەمانتار، هاووڵاتی، شارۆمەند، بێجگە لە وڵاتەکەی خۆمدا. بۆیە بیری شیعرەکانی خۆت دەکەویتەوە کە نووسیبووت بێ نیشتمانی هەزار نیشتمان... بەڵام تۆ تەنیا دەتویست هاووڵاتییەکی نیشتمانەکەی خۆت بی. نەک هاووڵاتی ، وڵاتانی تر

دەزانی کە وۆڵتێر بنیامین لە کتێبی شەقامی یەک لایەنەدا گوتبووی بەیانیان کە سکت خاڵییە و لە خەو هەڵ دەستی بیرە فەلسەفییەکانت قووڵ تر دەبن و بۆشایی بیرکردنەوە تەسک نییە.... 

بەڵام تۆ هەموو ئەمانەت وەک نزای بەیانی وەکوو میدیتاسیۆن ، وەکوو عیبادەتی بەیانیان لە نامە بێ بڕانەوەکانت دا بۆ باوکت دەنارد. ناردت؟

 

 

 

 

13.10.2013

 

kurdi
Share
تا کنون 0 دیدگاه برای این پست ثبت شده است
shahab sheikhi ©