لە ئاڵمان، لە شاری ماینتس، ساڵی ٢٠١١ کەسێک بانگی کرد ڕامین. من ناوم ڕامین نیە، بەڵام وشک بووم لە جێگەکەمدا.
هەواڵەکە زۆر گران و سەخت بوو. جگە لە سەختی و گیانتەزێنیی هەواڵەکە، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانەش لە ڕادەبەدەر قورس بوو و رەنگە تێچوویەکی زۆر قورسی بە دوادا بێت.
ماوەیەکی زۆر بوو هیچ ڕۆژنامەیەک هەواڵی وەهای لە سەر ئەو جۆرە بەسەرهاتەی زیندانیانی سیاسی کوردی بڵاو نەدەکردبووەوە. هیچ ڕۆژنامەیەک هەوڵی نەدابوو ڕووماڵی بکات.
دوودڵی هەر دوودڵیە و و بە بڕوای من هیچ دوودڵییەک لە دودڵییەکی تر بە نرختر یان کەم نرختر نییە.هیچ جیاوازییەک لە نێوان دوودڵی فەلسەفی لە سەر«بوون» و «نەبوون» و دوودڵی لە نێوان ئەوەیدا کە بەیانیان کاتێک لە خەو هەڵدەستیت، دوو دڵی لەوەی کە سەرەتا پەرداخێک ئاو کە حەبی تواوەی مالتیڤیتامینت تێخستوە بیخۆیتەوە، یان پەرداخێک چا، کە لە دوێنێوە لەناو فلاسکی چایەکەدا بەجێماوە، یان کوپێک قاوەی تازە دروستکراو. دوودڵی هەر دوودڵییە. دوودڵ بووین ئەم هەواڵە بڵاو بکەینەوە یان نا…
مژێکی بە ئیشتای دا لە جگەرەکەی و هەتا قوڵایی هەناوی هەڵیکێشا، بەڵام ئەو کاتانە جگەرەی نەدەکێشا. ئەو لەو کاتانەدا ڕقی لە جگەرەکێشان بوو. نەک لەبەر هۆکارێکی تایبەت و عەقڵانی. بەڵکوو ئەویش وەک هەموو ئەو کەسانەی کە بە نائاگایی و بە پێناسەی پێش دیاری کراو وایان دەزانی جگەرەکێشان خراپە و جگەرەکێشان سەرچاوەی هەموو خراپەکارییەکانی جیهانە و جگەرەکێشان هۆکاری هەموو بەدبەختی و نەخۆشیەکانە و تەنانەت ڕقی لەوە بوو کە دەیانگوت فڵان کەس جگەرە دەکێشێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە بووەتە پیاو، هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە هەستیار بوو بەرامبەر بەو پێناسە و تایبەتمەندییە پێش دیاریکراوانەی بۆ ڕەگەزەکان، لە زۆر شتدا هەوڵی دەدا پێناسەی جیاواز بۆ پیاوبوون یان ژن بوون دیاری بکات و بۆ نموونە جاری وا بوو بە تەوسەوە دەیگوت "پیاو ئەو کەسەیە کە جگەرە ناکێشێت". بەڵام کاتێک ویستی دەست بە نووسینی بڕگەی سێیەمی ئەم نووسینە بکات، نازانێت بۆچی، وێنەی خۆی لە کاتێک لە "کارگەی شووشەی ئێران" پێکەوە ئیشیان دەکرد، وا هات بە خەیاڵیدا کە جگەرەیەک بە دەستیەوە بوو ..
بۆ ئەو «کارگەی شوشەی ئێران» بە مانای شوێنێک بوو لە نازی ئابادی تاران . لە هەمان کاتدا دەیزانی کە ئەو شوێنە لە ڕاستیدا نازی ئاباد نییە، بەڵکو گەڕەکی نازی ئاباد لە راستیدا دوای کارگەی شووشەی ئێران دەست پێدەکات.
ئەگەر بە دروستی لەبیری بێت، ئەوا دوای گۆڕەپانی بەهمەن یان «کشتارگاه»( قەسابخانەکە)، بلوارێکی نوێ دروستکرابوو، کە دەچووە شاڕێی (ڕێگایەکی خێرای) نوێتر، بە ناوی شاڕێیی بێعسەت. هەر لە کۆتایی بلوارەکەی تەنیشت گۆڕەپانی بەهمەنەوە، ئەگەر بەلای ئەم بلوارەدا تێپەڕیت، ڕەنگە بە قەبارەی وێستگەی پاسێک بێت، کارگەی شووشەی ئێرانی بە دیوارێکی سپی و درێژ و بەرزەوە دەستی پێکرد، کە بێگومان چیتر سپی نەمابوو و بە هۆی پیسبوونی جەو و دوکەڵ ئێستا ئەدی خۆڵەمێشی بوو. دەرگای سەرەکییەکەیشی لەوێ بوو. بەهەر حاڵ بۆ کەسانێک کە لە شارە بچوکەکانەوە دێن بۆ تاران، ! سەرەتا هەموو شوێنێکی باشووری تاران دەبێتە نازی ئاباد و هەموو شوێنێکی باکووری تاران دەبێتە دەرکە، دەربەند، یان تەجریش. واتە کاتێک وتت لە تەجریشم مانای وایە تۆ لە باکووری تاران بوویت، کاتێکیش دەڵێیت تێهران پارس، واتای ڕۆژهەڵاتی تاران. هەرچۆنێک بێت ئەو کاتە لە نازی ئاباد لە کارخانەی شوشەی ئێران کاری دەکرد..
کارگەیەک کە شووشەی گەورەی چەند مەتری، تۆنگ و پەرداخی خواردنەوە بەرهەم دەهێنا.
یەکەمجار بوو هەستی بەوە دەکرد کە لە کارێکی بەرهەمهێنانی گەورەدا بەشدارە و بە فەرمی لە خۆیدا هەستی کرێکاری بە مانا پیشەسازی و بەو مانایەی کە کارل مارکس پێناسەی چینێکی کردووە، دەبینی.
بە تایبەت کە ئەو باسی لەخۆ نامۆبوونەی مارکس بە توندی هەستی پێدەکرا چون ئەو هیچ بەشێکی نەبوو لەو شتانەی کە بەرهەمی دەهێنا. جگە لەوەی کە بیر لەو بەردانە دەکردەوە کە لە منداڵیدا بەسەر شوشەی پەنجەرەی خەڵکدا فڕێی دابوو.
زۆریش هاوشێوەی ئەو فیلمە بوو کە چارلی چاپلین ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت و بەردەوام پیچەکان لە هێڵی بەرهەمهێناندا دەسوڕێنێتەوە. لێرەدا بەڵام شتێک نەبوو بە ناوی پێچ، بەڵکو شووشە بوو کە لە کورەی توانەوەکە دەهاتە دەرەوە و دەبوو یەکسەر بگوازرێتەوە.
ستافی بچووک وبچوک و خنجیلانەیان بۆ بڵاوکردنەوەی بەردەوام و زیاتر خۆی گرتبوو ئێستا ئیتر ستافێکی کە ئەرکەکان دابەشکرابوو و هەر کەس ئەرکی خۆی دەناسی و...
ئەو بینایەی کە نووسینگەی رۆژنامەکەی لێبوو، زیاتر خانوویەکی زۆر خۆش بوو بەڵام زۆر گونجاو بوو بۆ ناوەندێکی بچووکی ڕۆشنبیری.
لە دەرگاکە کە دەچوویتە ژوورەوە، حەوشەیەک هەبوو و لەبەرامبەر درگاکە، پلیکانەکان بوو، پێنج یان وا بزانم حەوت پلیکان دەبوا سەربکەوتایەتی، تا بچیتە ناو نووسینگەکەوە ..
لە ژێر پلیکانەکاندا پەنجەرەیەک هەبوو. پەنجەرەکە هی ژوورێک بوو لە ژێر خانی ماڵەکەدا. قاتی ژێرەوە یان ژێرخانی ماڵەکە دەتوانرێت بڵێین خاوەن خانووەکە وەک شوقەیەکی بچووک بۆ بەکرێدان بەکاری هێناوە، چونکە حەمامێکی بچووک و چێشتخانەیەکی هەبوو.
لە قاتی سەرەوە، دوای کۆریدۆرێکی بچووک، دەرگایەک بۆ هۆڵی سەرەکی کرایەوە و لە بەردەمتدا ژوورێک بوو کە بە پارتیشنێکی شووشەیی جیاکرابووەوە، کە بۆ ژووری کۆبوونەوە کەڵکمان لێوەردەگرت و ڕاست لە تەنیشت ئەو ژوورەوە ژووری سەرنووسەری سەرەکی بوو. ناو بردن لە سەرنووسەری سەرەکی و لاوەکی پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە ڕۆژنامەیەکەیان، کە بێگومان بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی و توانای مرۆیی بۆ ڕۆژنامەنووسی پرۆفشنێڵ، هەفتەی جارێک بڵاویان دەکردەوە، هەندێکجار وا ڕوویدا کەهەفتەی دو ژمارە بڵاودەکرایەوە. بەڵام جێگای سەرنجڕاکێش بوو کە هەرچەندە بەڕاستی هەفتەی جارێک بڵاو دەکرایەوە، بەڵام لەناو خەڵکدا بە هەمان ڕۆژنامە ناسرابوو و کەس نەیدەگوت حەفتەنامە. ئەم ڕۆژنامەیە دوو بەشی سەرەکی هەبوو، واتە بە دوو زمانی کوردی و فارسی. بەشی کوردی و بەشی فارسی و هەر کام سەرنوسەرێکیان هەبوو و کەسێکیش سەرنووسەری گشتی بوو. لە تەنیشت ژووری سەرنوسەرەوە هاوژوورێک هەبوو کە سێ کۆمپیوتەر، دوو کۆمپیوتەر بۆ تایپچی و یەکێکیش بۆ دیزاینی لاپەڕە هەبوو. ئەم ژوورە لە گۆشەی سێیەمی هۆڵەکەدا بوو و پەنجەرەکەی ڕووی لە حەوشەی سەرەکی بوو، دوای ئەوە دوو ژووری تر هەبوون. ئەم دوو ژوورە کە ڕوویان لە حەوشەکە بوو لە یەکیان بۆ دانیشتن لەگەڵ میوانان و ئەوی کە وەک هەماریەک بوو بۆ شت و مەک ..
دوایین مژی قوڵتر دا لە جگەرەکەی و بیری لەوە دەکردەوە کە نووسینی ئەم وردەکاریانە پێویستە؟ ئایا درووستە کە من هەموو شتێک ئاشکرا دەکەم، لە کوێ و چۆن هەموو شتێک ڕوویداوە؟
لەو کاتانەیدا کە مامۆستای قوتابخانە بوو، بۆ خوێندکارەکانی لە وانەی نووسینی دەق دا و لە بابەتی وەسفدا، یەکێک لەو شتانەی کە لە قوتابیەکانی ویستبوو. ئەوە بوو کە ژوورەکەت وەسف بکە، ئەگەر تەنانەت چەند لاپەڕەیشی تێبچەت، هەموو شت وەسف بکە. هیچ شتێک لەدەست مەدە. ئەگەر سەرەتا ڕستەکانت دووبارە و شلۆق و تەنانەت بێ تامیش بن، وەک ئەوەی لای ڕاستی درگای ژوورەکەوە بزمارێک لە دیوارەکەدایە، و دواتر کانتۆرێک (کۆمۆد) لە تەنیشتی و لە سەرووی کانتۆرکە... بە کورتی پێی وتوون فێربن هەموو شتێک ببینن. ئەو شتانەی کە هەمیشە دەیبینیت و لە ڕاستیدا هەرگیز هەست بەوە ناکەیت کە دەیبینیت، پێی گوتبوون، بینین و بیرهێنانەوە و وریابوون هەندێک جار وا دەکات بیر لە شتگەلێک بکەیتەوە کە باون بەڵام ئێمە بە بینیان ڕاهاتووین و رێک هەرلەبەر ئەو راهاتنە ئاسایی دەبنەوە و نابینرێن، ئەوەندە درێژەی بەم بابەتە دا کە منداڵەکان تەواو راهاتبوون لە وەسفکردندا. قوتابیەکان دەیانگوت ئێستا کاتێک لە قوتابخانە دێنەوە زۆر شت دەبینن. لەناو پاسەکەدا دەنگێکی زۆر دەبیستن و دەتوانن دەنگەکان لە یەک جیا بکەنەوە. ئەتوانین تۆنی دەنگی شۆفێری پاسەکان لە یەک جیا بکەنەوە، پاشان وەک مامۆستایەک کە کۆمەڵناسی خوێندووە، وتی؛ ماکس وێبێر کۆمەڵناسێکی ئەڵمانییە و دەڵێت "ئێمە بە وردی بیر لە شتە دیار و ئاساییەکان ناکەینەوە چونکە لامان ئاسایی و دیارن"...
دووەم جگەرەی تەواو کرد و سەیری پەیجی فەیسبووکی ئەو ژنەی کرد کە خۆشی دەویست. گوێی لە گۆرانییەک گرت کە ژنەکە لە گۆرانیبێژێکی ژنەوە هاوبەشی کردبوو. گۆرانییەکە ڕۆمانسی و نەرم بوو. یەکەمجار دەنگی ئەم ژنە گۆرانیبێژەی لە ڕۆژێکی باراناویی نەرم لە شاری کۆڵن بیستبوو، کاتێک لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێکانی دەچوونە سەفەرێک بۆ دەرەوەی شار، ئەو زۆر حەزی لە... دەنگی ئەم ژنە گۆرانیبێژە. ئێستا لە شەقامێکی شاری «ماینتس» دا دوگمەی پاڵتاوە رەشەکەی داخست و کڵاوە فەرەنسیەکەی، کە لە بەر ئەو کڵاوە پێیان دەگوت چێگوارا یان پیکاسۆ ، هێنایە ناوچاوی و دوو دڵ بوو کە قاوەخانیەکی ئارام بدۆزێتەوە و درێژەی دەقەکەی بنووسێت، یان بچێتەوە بۆ ماڵەوە..
بەڵام ئەمجارەیان دوودڵی نەکرد و ڕاشکاوانە گوتی:
سەیرکە جەنابی سەرنوسەر، ئێمە ئەو ڕۆژنامەیەمان بەم تایبەتمەندیانەوە دەوێت کە لەم جۆرە ڕۆژانەدا کەڵکی لێوەربگرین. واتە ئەگەر ئێمە هەمان ئەو کارە بکەین کە «شرق» یان «اعتماد»دەیکەن، دەی من هەر لەوێ بابەتەکەم بڵاودەکەمەوە و ئەگەر خوێنەرەکانم بەدوای خوێندنەوەی وتارەکانی مندا بن، ئەوا وتارەکانم لەوێ دەخوێننەوە، تەنانەت خوێنەری زیاترم دەبێت.
جگە لەوەش مەودای بەردەنگەکانمان و چاوەڕوانی بەردەنگەکانی ئێمە شتێکی ترە. ئێمە ڕۆژنامەیەکین بۆ کوردستان و خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی جیاوازیان لێمان هەیە.
ئەگەر ئێمە لە کاتێکی وادا ئەرکێکی جیاواز و کارێکی جیاواز نەکەین لە لە ڕۆژنامە فارسییەکان، کەواتە بۆ ڕۆژنامەیەکی کوردی بڵاودەکەینەوە؟
جەنابی سەرنوسەر، دەزانی چەند مانگێکە بەسەر بڵاوبوونەوەی ئێمەدا تێپەڕیوە، تەنانەت یەک جاریش هیچمان لە رێبەری ئەم وڵاتە لە ڕۆژنامەکەماندا نەخستۆتە ناو ڕۆژنامەکەمانەوە، تەنانەت یەکجاریش وێنەکەیمان دانەناوە.
سەرنوسەرەکە کە بە تەواوی سەری سوڕمابوو و ، لە ڕاستیدا زیاتر سەیری قسەکانی منی دەکرد تاکوو ئەوەی گوێم لێ بگرێت.
منیش بەردەوام خەریکی ڕوونکردنەوە بووم کە، سەرنوسەر سەبرەکەی تەواو بوو و بە سەرسوڕمانەوە و پرسی، باشە ئێستا چی ڕوویداوە کە تۆ نیگەرانی وێنەی ڕێبەری خۆ تۆ ئەوت.. ئەستەغفیرەڵا...
گوتم: ئەها، سەرنوسەری بەڕێز، لە لاپەڕەی دووەم، کە لاپەڕەی هەواڵە، یەکەم هەواڵ لە لای ڕاستەوە لە سەرەوە وێنەی رێبەر و بەشێکە لە وتارەکەی سەری ساڵی بڵاو دەکەینەوە...ڕێک لە بەرامبەریدا لە لای چەپەوە و لە سەروی لاپەڕەکەوە، هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد، بۆ یەکەمجار لە ڕۆژنامەیەکدا کە لە پێتەختی وڵاتی ئەوندا و و بە ئیزنی ئەم وڵاتە دەردەچێت، بڵاودەکەینەوە.
پێشتر ئەم بڕیار و ڕاوێژمان لەگەڵ سەرنووسەری بەشی کوردی دابوو. وتی کە مەترسی زۆرە، بەڵام بیرۆکەیەکی باشە، هەروەها هەموو ئارگیومێنتەکانتان قبوڵ دەکەم سەبارەت بەو ڕاستییەی کە ئێمە بەردەنگی تایبەتمان هەیە و چاوەڕوانییە تایبەتەکان پێویستیان بە ئەرکێکی تایبەتە. ..
ئەو ساڵە دووەم هاوین بوو کە بۆ کار چوومە تاران. ئەو ساڵە تازە تەمەنم 16 ساڵ بوو. ساڵی ڕابردوو کە تەمەنم ١٥ ساڵ بوو، یەکەم هاوین بوو کە هاتمە تاران…
ساڵی ڕابردوو بنەماڵەکەم لە بەر ئەوە ڕێگەیان پێدام کە بەو تەمەنە کمە بچم بۆ تاران بۆ کرێکاری، چونکە چەن کەس لە قەوم و کەس و کاری تایفەکەمان، لە تاران ئیشان دەکرد. من لەیازدە دازدە ساڵیەوە فێری بۆیاخکردنی(ڕەنگ کردنی درگا و پەنجێرە و دیوار و..) بینا ببوم. ئەو کەس و کارانە کە لە تاران ئیشیان دەکرد و کرێکار بوون، دەیانگوت کە کارێکی بۆیاخکردنی بیناسازی هەیە کە ئێمە وەستاکە دەناسین و بەردەستێکی دەوێت.
ئەسغەر ئاغا پیاوێکی چاک و خۆشکردار بوو و کە فارسی قسەی دەکرد، لەهجەی تورکی شیرینی هەبوو و لەگەڵم زۆر میهرەبان بوو.بە داخەوە ئەو کارە ٥ یان ٦ هەفتەزیاتری نەخایاند و جارێکی تر بێکار بوومەوە و دواتر وەک کرێکار، کاری بیناسازیم دەستکەوت. بەڵام ئەمساڵ ئەدی پیاوێک بووم کە ئەزموونی هاوینێک کارکردنی لە تارانم هەبوو، ئەمجارە هاوڕێکانم دەیانگوت، ئەگەر هیچ کارێک دەسنەکەوێت، لە کارگەی شووشەی ئێران کار هەیە و بەردەوام پێویستیان بە کرێکار هەیە. واتە ئەگەر چووم و بۆ ئیش بۆیاخکردنی بینا وەرنەگیرام،، دڵنیا بووم کە دەتوانم لە کارگەکەدا کار بکەم…
یان زۆر بە دوای کارێکدا نەگەڕام یان بەڕاستی کارێکم دەست نەکەوت، بۆیە دواجار چوومە کارگەی شوشەی ئێران. شوێنی خەوتن و دوو ژەم دەزانێت. کارگەکە بە سێ نۆبەی ٨ کاتژمێری کاری دەکرد. واتە دەبوو هەر ٨ کاتژمێر جارێک بە بەردەوامی لەبەردەم کورەی توانەوەی شووشەدا بوەستین. ئێمە بە دەستکێشی پیشەسازی و کڵاوەوە لەبەردەم کورەی توانەوەدا وەستابووین کاتێک پەرداخەکان لە کورەکە دەهاتنە دەرەوە و بە دوو مقاش و دەستی دەستکێش لە دەست دەمانگرت و لە سەر ئەو شریتەکە دەسورایەوە و پەرداخەکانی دەبرد بۆ شوێنی سارد بووەنە، دادەنا.
پەرداخەکان دەباو بەتەواوی ڕاست دابنرێت، ئەگینا هەر جوڵەیەک دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی پەرداخەکان لارەوە بن و بکەون بە سەر یەکدا و رەنگە چەندپەرداخ زیانیان پێ بگات و لە کاتی وەهدا هیچ چارەیەکت نەبوو بێجگە لەوەی، یەکسەر ڕیزێک پەرداخ لە سەر شریتەکە بخەیتە خوارەوە تا هێڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێڕەوی سەرەتایی خۆی. کێشە کە ئەوە بوو کە بۆ هەر شووشەیەکی شکاو پارە لە مووچەکانمان دەبڕدرا.
دەمانتوانی چەندین نۆبە کار بکەین و پارەی زیاتر بەدەست بهێنین. بەڵام ٨ کاتژمێر کارکردنی ئەم مۆدێلە هیچ توانیەکی بۆ کەسێک نەهێشتەوە، هەروەها هەمیشە نەدەکرا کەنۆبەیەک کار بکەی و یەکێک نە، بۆیە جاری وا بوو دەبوا دوو نۆبەی لە پشت سەری یەک کار بکەی واتە شازدە کاتژمێر. هەرچەندە دەستکێشمان لە دەستدا بوو، بەڵام گەرما ئەوەندە لە ڕادەبەدەر بوو، کە هەمیشە دەستەکانمان تۆقلەیان هەبوو.
ڕامین هەرچەند تەمەنی لە من بچووکتر بوو، بەڵام هەندێک جار دوو نۆبەت ئیشی دەکرد..
باوکی ڕامین بەرگدروو بوو. باوکی منیش، دوای ئەو هەموو ژیانە سەیر و نامۆیەی کە هەیبوو، ئەو ژیانەی کە سەردەمانێک ئاغا و شێخ و مالیکی گەورە بوو و کوڕی یەکێک لە گەورەکانی خێڵێکی گەورەی ئایینی و ئەهلی تەریقەت و سۆفیایەتی بوو، بەڵام ئێستا دوای بەرنامەکانی ئیسلاحات ئەرزی دەوڵەتی شا، دوای شۆڕش، دوای شەڕ، دوای لەدەستدانی زۆر شت، لەوانەش لە دەس دانی کوڕەکانی.. ئیش بەرگدووری دەکرد.
باوکی ڕامین خەتنووس بوو. هەر بە شێوەی سروشتی خەت و نووسینی خۆش بوو و خۆی فێری جواننووسی کردبوو ، لەم دواییانەدا کەمێک پێش هەندێک مامۆستای فەرمی خۆشنووسی نووسینی خەتی نەستەعلیقی پراکتیزەی کردبوو. باوکی ڕامین وەک باوکم سەروێنی دەبست، باوکم جامانەو و باوکی ڕامین شکڵێکی تر لە جامانە کە لای ئێمە پێی دەڵێن ڕەشتی. لەو سەردەمانەدا سەروێن بەستن داب و نەریتی پیاوی کورد بوو و سەروێن بە بەشێکی سەرەکی جل و بەرگ دادەنرا.
باوکی ڕامین ناوی میراز حوسێن بوو. میرزا لە لای ئێمە بە کەسێک دەگوترا کە توانای خوێندەوە و نووسینی بوو، بە تایبەت کەسێک کە نامە و شتی وای بۆ خەڵکانێک کە نەخوێندەوار بوون دەنووسی. ڕەنگە بەهۆی دەستنووسە باشەکەیەوە، بۆ دڵخۆشی خەڵک نامەی دەنووسی. باوکم و باوکی ڕامین شتێکی دیکەی هاوبەشیان هەبوو، ئەویش ئەوەی کە هەردووکیان حەزیان لە ئەدەبی کوردی بوو، بەتایبەتی شیعری شاعیرانی کلاسیک، لە یەکەم شاعیرانی کلاسیکی کۆنەوە وەک مەولەوی و مەحوی و .. تا دواهەمین شاعیرە کلاسیکەکان وەک مامۆستا هێمن..
نەک هەر هەواڵەکەمان لە لاپەڕەی دوو بڵاوکردەوە. بەڵکو لە ستوونی چەپی لاپەڕەی یەکەمیشدا بە گەورە نووسیمان و لە ژێری دا نووسرابوو بۆ زنیاری زیاتر بڕۆ لاپەڕەی ٢ . لێرەوە بۆ یەکەمجار بە چاولێکەری ڕۆژنامەی شەرق، وێنەی ڕێبەر و بەشێک لە قسەکانیشیمان دانا.
پێم وایە شیعرێکی شاعێرێکی فارس بە ناوی محەممەد موختاریمان هەڵبژارد و لە دوا لاپەڕە و لە تەنیشت لۆگۆکەدا نووسیبوومان، کە هەمیشە شیعرێکی شاعیرێکی کورد یان فارسمان دادەنا. هەمان ئەو شیعرە کە دەڵێت "کوان ئەوانەی کە دەنگی هەنگاوەکانیان رۆشنایی کۆڵانەکان بوو؟" ئاخر دەیانگوت لە کۆڵانێکی گەڕەکی شانازی سەقز گیرابوون.
لە لاپەڕەی دوودا هەواڵەکەمان بە بێ هیچ ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەیەک بڵاو کردوە کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زیندان دا لە سێدارە دران. تەنها وەک سەر چاوە لە ماڵپەڕی بازتاب کەڵکمان وەرگرت، بەڵام هەندێ وشەمان یان دەسکاری کرد، یان شریەوە، دەستە واژەگەلێک وەک "گرووپی هەڵوەشاوە"( گروهک منحلە)، "دژە شۆڕش"(ضد انقلاب)، "تیرۆریست" و هەندێ وشە و زاراوەی هاوشێوە کە هەمیشە سەبارەت بە کورد و لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانەدا، بەکاردەهێنرێن. چونکە بڕیار بوو سبەی ڕۆژنامەکە دەربچێت، کاتمان نەبوو ناوی کەسە لە سێدارە دراوەکان بزانین. کەسێک بەڵێنی دابوو کە لە زیندانی سەقزەوە هەندێ زانیارمان بۆ وەبرگرێت، بەڵام تا ئەو کاتە هیچ هەواڵێک نەبوو.
وەک ساڵی پار کە خەریکی ئیشی بۆیاخکردنی بینا بووم و براکەم کە بۆ تاقیکردنەوەی ماستەرەکەی هاتبووە تاران و دواتر سەردانی کردین و ئێمەش خواردنی برنج و کەبابمان بۆ کڕی، لەبەر هاتنی میرزا حوسێنیش کەباب و برنجمان داوا کرد. میراز حوسێن کە چاوی بە خواردنەکە کەوت، لێمان تووڕە بوو و گوتی: ئەو هەمووە کار دەکەن و دوو پەناوا داهاتتان هەیە، بڕیار بێت هەر کەس بێت بۆ لاتان و ئێوە پارە بدەن بە کەباب و .. خۆ هیچ پارەتان بۆ نامێنتەوە و فێری پاشەکەوتکردن نابین. ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن زۆر گرنگ نییە، پاشەکەوتکردن و سەرمایەگوزاریکردن لە خودی کار گرنگترە.
پاشان قسەکانمان بەرەو باسی بیرکردن و غەریبی کردن چوو، و میراز حوسێن گوتی:باشە کاک شەهاب ئێستا بە خۆت دەڵێی "کوردەواری ئی وڵاتە جوانەکم....روڵەکم خێزانەکم باوانەکم" ...
کاتێکی زۆرمان نەبوو لەگەڵ میرزا حوسێن قسە بکەین.چونکە دەبوو دوای نانخواردنی نیوەڕۆ بچینەوە سەر کار. میرزاش گوتی کە بۆ هەندێک کار دەچێتە گۆڕەپانی تۆپخانە و ئێواران دەگەڕێتەوە، کاتێک ڕامین لە من جیا بووەوە، هاوڕێکەی ترمان بانگی لە من کرد و بە ئەسپایی گوتی: "دیت میرزا ژەهرەکەی خۆی ڕژاند؟"، منیش گوتم: "ژەهرەکەی؟" ژەهری چی ؟ مەگەر قسەیەکی خراپی کرد، یان من تێنەگەیشتم. گوتی نا، مەبەستم بیرە ناسیۆنالیستیەکانیەتی، ئەو ویستی هەستی تۆش بوروژێنێت، منیش وتم: "نا بابا میرزا دەزانێت کە من زۆر حەزم لە شیعرە بە تایبەت مامۆستا هێمن " ئەو وتی "نا ئازیزم ئەم کوردستان کوردستان کردنەی، زیاتر هۆکاری سیاسی هەیە تاکوو شێعر." ، منیش گوتم دەی خۆ قسەکانی لە سەر کوردستان ڕاست بوو، گوتی: هەیهوو تۆش مێشکت بۆنی خۆرشتی قاورمە دەدات..ئێستە ئەم قسانە بە دەنگی بەرز مەکە لای ئەم فارسانە، دەرمان دەکەن.. چوینەوە سەر ئیش و بەر کوورە ئاگرە گەرمەکە...
ڕۆژنامەکە چاپ کرا و کەس قسەی نەدەکرد. مەبەستم لە کەسێک وەزراەتی رۆشنبیری، ئاسایش، پاراستن و پۆلیسی ئاسایش و هتد. نە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، نە بە نامەیەکی نووسراو. تەنانەت کە لە پاراستنەوە تەلەفونیان بۆ خاوەنی رۆژنامەکە کردبوو، هیچیان لەسەر ئەم بابەتە نەگوت، بەڵام هەندێک لە خەڵک بە داخەوە قسەی زۆریان سەبارەت بە ئێمە دەکرد، کە دەبێت ئەمانە پشتیان بە شوێنێک گەرم بێت کە بوێرن هەواڵی لەو چەشنە بڵاو بکەنەوە. ئاخر کێ دەوێرێت هەواڵی لەسێدارەدانی چەند پێشمەرگەیەک بڵاوبکاتەوە. ئەویش رێک لە وشەی پێشمەرگە کەڵک وەربگرێت کە هەر قەدەخەیە..
)دوای چەند ڕۆژێک، خەریک بوو دەچووم بۆ ڕۆژنامە. مەبەستم ئەوەیە لە ڕۆژنامەی ئێعتمادەوە دەگەڕامەوە و دەچوومە ئۆفیسی ڕۆژنامەکەی خۆمان. مۆبایلەکەم زەنگی لێدا. بە ژمارەکاندا دیار بوو
ژمارەی تەلەفۆنی ئەو تەلەفوونە کارتیانەی سەقز بوو.
وەڵامی تەلەفوونەکەم دایەوە. ئەو کەسە بوو کە بڕیار بوو زانیارم پێ بدات. گوتی ناوی لە سێدارەکراوەکانم دەستکەوتووە. ..... و ... و... ڕامین...ش....... نازانم ئەوانی تر چییان بەسەر هاتووە.
لەوکاتەدا زیاتر لە ١٠ ساڵ، بەسەر دوایین دیداری من و ڕامین دا تێپەڕیبوو. باشە بە ڕاستی هەر خۆی بووە؟ کەی ڕۆشتبوو؟ کەی ببوو بە پێشمەرگە؟ کێ گەڕایەوە؟ دەڵێن هاتبوونەوە لە ماڵێکدا لە گەڕەکی شاناز بوون و... بەڵام بۆ دەوڵەتی ئێران گرنگ نەبوو کەی و بۆچی گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ دەوڵەت گرنگ بوو ئەوە بوو کە چەن پێشمەرگەی گرتبوو لە ماوەیەکی کورت کەمتر لە شەش مانگ گیراوە و لە سێدارە دراوە . پرسیم ڕامینی .... وتی بەڵێ کوڕەکەی میرزا حوسێن....
وابزانم چەند جارێک بە درێژایی شاڕێی کوردستان لە ناوەڕاستی تاران بە پێ چووم و گەڕامەوە ...لە کوێ گەڕامەوە بۆ کوێ گەڕامەوە. گەڕامەوە ماڵەوە، بۆ نووسینگەی ڕۆژنامە، بۆ ڕابردوو. .... نازانم..
لە ڕاستیدا خەریک بووم دەچوم بۆ ئەو پۆلەی کە بڕیارە فێری یاسا و داب و نەریت و فەرهەنگی ئەڵمانیامان بکات، پێشتر لەم چەند ڕۆژەدا دەمار و خوێن و هەست و نەستم تێکەڵ ببوو، بەهۆی قسەکانی خانمی مامۆستای ئەو وانەیەوە کە بەردەوام باسی ئازادی حیزبەکان ، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی قسەکردن ، و.. شتی وای دەکرد و جار و بار لە منی دەپرسی کە ئەی لە وڵاتی ئێوە.. منیش هێشتا نەبووبوو بە دوو ساڵ کە لە ئاڵمان دەژیام و زمانی ئاڵمانیم ئەوەندە باش نەبوو کە ئەوەی وا لەو بارانەوە لە مێشکم دایە پێی بڵێم.
هێشتا نەگەشتبووم بە بینای پۆلەکە کە لە پشت کاوفۆف (سەنتەری بازرگانی) دەنگێک بانگی کرد: ڕامین... من ئەم خووانەم نییە کە ڕوو بۆ هەر دەنگێک بکەم کە بە زمانی کوردی یان فارسی قسە بکات، وەرگێرم.بەڵام بیستنی وشەی ڕامین لە ئاڵمان، لە جێگەکەمدا وشکی کردم. یانی بە ڕاستی کەسێک ناوی ڕامینە، یان ئەوە تەنیا وشیەکی ئاڵمانیە کە من هێشتا ماناکەی نازانم…
گەڕامەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەنگەکەی لەوە هات... گەڕامەوە بەرەو هەواڵ... بەرەو ڕۆژنامە... بۆ ماڵ... گەڕامەوە دواوە... زۆر زۆر دواوەوە.
من خۆم هەواڵی لەسێدارەدانی ڕامینم بڵاو کردبووەوە... لە تەنیشت وێنە و هەواڵی ڕێبەری هەمان وڵات و دەڵەت، کە هۆکاری سەرەکی لەسێدارەدانەکەی ڕامین و ڕامینەکان بوو.
حەزی دەکرد ئەوەندە ئاڵمانی دەزانی کە بە خانمی مامۆستای زمان و یاسای ئاڵمانیەکەی بگوتایە: «ژیان و بەتایبەت ئیشی ڕۆژنامەنووسی لە وڵاتە داگیرکراو و دیکتاتۆرییەکان هەمیشە وەک سەما بە سەر لێواری تێخێکی ڕیش تاشین وایە، بەم لادا قارەمانی و بەو لایەکەی تریشداخیانەتکاری. کۆچکردن بۆئەم وڵاتە بە ناو ئازاد و دیموکراسیانە، تەنها دەمی ئەم برینە قوڵە دەکاتەوە و دەیکولێنتەو و وەک ئەوەی چەقۆیەک بخەیتە ناو ئەو زامە، بەردەوام لە خۆت دەپرسی ئایا ئەوەی من کردوومە خزمەت بوو یان خیانەت...»
بەڵام نە ئەوەندە زمانی ئاڵمانی دەزانی و نە ئەدی تاقەتی هەبوو کە بچێت بۆ فێر بوون و مەکتەب و..
چووە بۆ ماڵەوە بیری لەوە دەکردەوە کە جار و بار کە یەکێیان بەوی تری بگوتایە خۆت ئامادەکە با بڕۆین، ئەگەر بیپرسیایە بۆ کوێ، بە شۆخی وڵمیان دەدایەوە بۆ ناو پێشمەرگە. بیری لەوە دەکردوە کە ڕامین دەیگوت دەبێت. هەر شتێکمان کرد، دەبێت هەموو ئەوەی کە لە تواناماندایە بیکەین. ڕێک وەک هەشت کاتژمێر کارکردن لەبەردەم کورەی شووشەدا بەبێ ئەوەی یەک پەرداخ لارەوە بێت.بەڵام ڕامین ئەم جار زیاتر لە دوو دانە هەشت کاتژمێر، زیاتر لە دوو نۆبەی لە پشت یەک کاری کرد.
ناو ڕامین ئێستاش لە وێبسایتی هیچ حیزبێکدا نیە.... کەس ڕامینی لە بیر نیە..ئەی ئەوە کێ بوو بانگی کرد ڕامین..
شەهاب شێخی .ئاڵمان، ماینتس، پاییزی ٢٠١١
![Share](/sites/default/files/share.png)