ئاڵای کوردستان

مێژووی ئاڵای کوردستان

تکایە لەبەر شەڕی حیزبی خۆتان ئاڵای کوردستان مەفرۆشن بە بارزانی

(کورتەیەک لە سەر مێژووی ئاڵای کوردستان)

 

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان یەکەمین دەوڵەتی کوردی میتانییەکان بوون، کە ئاڵایان بەکارهێناوە لە 1500 ساڵ پێش زاییندا. کە سنووری دەوڵەتەکەیان لە رۆژئاوای کوردستان و کوردستانی گەورەبووە. بەڵام هیچ بەڵگەیەک و زانیاریەکی تایبەت لە سەر چۆنیەتی ئەو ئاڵایە نییە.

دوای دەوڵەتی میتانییەکان، ئیمپراتۆرییەتی ماد، ئالای تایبەتیان هەبووە، کە دەوترێت لە هەرسێ رەنگی زەرد و سوور و سەوز پێکهاتووە. ( شتێک وەک ئەو ئاڵایەی کە ئیمرۆ لە رۆژاوا کەڵی لێوەر دەگیردرێت.)

لەو کاتەوە تا ئێستا زۆربەی ئاڵاکانی مێژووی حوکمەتەکانی کوردستان لانیکەم لە یەکێک لەو سێ رەنگە کەڵکی وەر گرتووە. 

 

بەڵام ئەم ئاڵایە بەم شێوەی سێ رەنگی سوور و سپی و سەوز و خۆری زەرد، یەکەم جار لەلایەن (کۆمەڵەی ڕێکخراوی جڤاکی کورد) لە ساڵی ١٩١٩ دروست کراوە. ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد، بریتی بوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرا بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (دیاربەکر)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکووک)، کەمال فەوزی (بەدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدووح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەدرخان بەگ.

دوکتۆر “کامەران عالی بەدرخان” ساڵی ١٩١٩ لە سەفەر بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپایی ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی پێشان دەدات.

 

کۆماری ئارارات بە سەرۆک کۆماری ئیبراهیم حەسکی و فەرماندەیی نیزامی ئێحسان نووری پاشا لە ساڵی ١٩٢٧ ز.هەر چەند ئاڵای بزووتنەوەکەیان وەک تەڤگەری خویبوون لە سێ ڕەنگی سەوز و سپی و سوور کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام بەو جیاوازییە کە سەوز لە سەرەوە بووە و سوور لە خوارەوە لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا بازنەیەکی زەرد (ڕەنگە بە مانای خۆر بێت) کە لە نێوانیدا وێنەی چیایەک دەبینرێت و وێدەچێت ئاماژە بە چیای ئارارات بێت. بەڵام پاش ڕاگەیاندنی فەرمی کۆماری ئارارات لە هەمان ئاڵای پەسەند کراوی ١٩١٩ کەڵک وەردەگرن. بۆیە لە سەرچاوە ئەورووپییەکانیشدا ئاڵای سوور و سپی و سەوز و خۆر لە ناوەڕاستیدا بە ئاڵای کۆماری سەربەخۆی ئارارات نیشان دەدرێت. 

 

هەرچەند لەم نێوانەدا، شانشینی کوردستان بە پاشایەتی مەلیک مەحموود(١٩٢١_١٩٢٥.ز) لە ئاڵایەکی سەوز کە لە نێوانیدا بازنەیەکی سوور و مانگێکی سپی لە نێوان بازنە سوورەکەدا کەڵکی وەرگرتووە. ئاڵاکەی شێخ سەعیدی پیرانیش سەوز بوو، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوە بوو، کە لە ناوەڕاستی ئاڵاکە ڕۆژی دانابوو، بە مانای نوێبوونەوە.

 

 ساڵی ١٩٢٩یش دوکتۆر “نوری دێرسیمی” لە دێرسیم ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی هەڵدەدات. قەدری جەمیل پاشا لە کتێبی (دۆزی کوردستان) چاپی ١٩٦٩ لە بەیرووت دەنووسێت: ( ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی شێواز و ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی دیاریکرد کە پێکهاتبوون لە ڕەنگی سوور لە سەرەوە، سپی لە ناوەڕاست و خۆرێکی لەسەر، سەوزیش لە خوارەوە، وە ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی کورد پەسەندکرا.)

 

ساڵی ١٩٢٨ یەکێتی نەتەوەیی کورد کتێبێک بە زمانی فەڕەنسی بەناوی (کۆمکوژی کوردەکان لە تورکیا) دەنووسن. لەسەر بەرگی کتێبەکە ئاڵای کوردستانیش نەخشێندراوە. کتێبەکە لە چاپخانەی (لیگا کوردی) لە قاهیرە چاپکراوە.

 

دواتر لە ساڵی ١٩٣٢-١٩٣٤ لەسەر ڕووبەرگی گۆڤاری (هاوار) ئاڵای کوردستان چاپ کراوە.هەروەها هەرەکۆل ئازیزان ١٩٣٢، دوکتۆر کامەران بەدرخان ١٩٣٢، میر جەلادەت بەدرخان ١٩٣٢، جگەرخوێن ١٩٤١ لە گۆڤاری هاواردا لەسەر ئاڵای کوردستان نووسیویانە.

 

هەتا ساڵی ١٩٥١ ئەم ئاڵایە لەلای “جەلادەت عالی بەدرخان” دەپارێزرێ. دواتر لە ساڵی ١٩٥١ میر جەلادەت بەدرخان کۆچی دوایی دەکات، ئەم ئاڵایە لەلای خاتوو “ڕەوشەن بەدرخان”ی خێزانی وەکوو میراتی نەتەوەیی دەمێنێتەوە. ئێستاش ئۆرجیناڵی ئەو ئاڵایە لە ماڵی “سینەمخان بەدرخان”ی کچی میر جەلادەت بەدرخان لە هەولێر پارێزراوە.

 

ساڵی ١٩٤٦ لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای کوردستان بە هەندێک گۆڕانکاری لە خۆرەکەدا و زیادکردنی گوڵەگەنم و پێنووس، هەڵدەدرێت. بەڵام سێ رەنگی سوور و سپی و سەو و خۆرەکە هەر هەیە. 

لە ساڵی ١٩٩٩ بە فەرمی لەلایەن یەکەم حکومەتی فیدراڵی کوردستان لە جیهاندا وەک ئاڵای فەرمی کوردستان ناسێندراوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا هەموو ساڵێک 17ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت

 

لە تەواوی ئەم ساڵانەدا ئاڵای کوردستان ئەم سێ ڕەنگە و خۆرە کە بووە و هەیە و دەشبێت. تەنانەت خودی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لەم ئاڵایە وەک ئاڵای کوردستان کەڵکی وەردەگرت. بە ڕاستی گلەیی زۆرم لە هەڤاڵانی خۆشەویستی (جارانی پ ک ک و ئێستا بە داخەوە ک ج ک)ەم هەیە کە لەبەر دژایەتی خۆیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعوودی بارزانی، نەک هەر مێژووی کوردستان، بەڵکوو تەنانەت مێژووی پ ک کەش چەواشە دەکەن. ئەگەر هەندێک لە ئێوە ئێستا جەوی پ ک ک گرتووتانی، من لانیکەم لە ساڵی ١٩٩٤_١٩٩٥ ی زایینییەوە لەگەڵ پ ک ک ئاشنا بوومە و ١٩٩٦ یەکەم جار کتێبی ئۆجەلانم خوێندووەتەوە. وەک گوتم لە ساڵانی سەرەتایی پ ک ک دا، خودی پ ک کەش لە ئاڵای سوور و سپی و سەوز وەک ئاڵای کوردستان کەڵکی وەردەگرت و تەنانەت گەریلاکان سوێندیان پێ دەخوارد و سروودی نەتەوەییش هەر ئەی ڕەقیب بوو. تەنانەت ئەو کاتانە ئاڵایان بە قاچاخی دەهێنا ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. تەنانەت یەکێک لەو سروودانەیە کە ئەوکاتانە پەکەکەیەکان دەیانخوێند و بڵاویان دەکردەوە سروودی «کەسکە سوورە، زەڕە، سپیە گەوهەرە، نیشانەی زەفەرە، ئاڵایە کوردان» بوو

 

ئێستا و بە داخەوە لەو کاتەوە پ ک ک بڕیاری دا بە جێی ئاڵای کوردستان لە ئاڵای پ ک ک کە سوور و سەوز و زەردە بە کەڵک وەربگرێت واتە حیزبایەتی لە کوردستانی بوون بۆی گرنگتر بێت، هەوڵ دەدات مێژوو چەواشە بکات و بڵێت کە ئەم ئاڵایە هی مەسعوودی بارزانییە!! باشە چۆن ئەم ئاڵایە لە زەمانێکەوە کە مەسعوودی بارزانی هەر لە دایک نەبووە بووە و دەبێت و دەشمێنێتەوە بوو بە ئاڵای بارزانی؟؟

 

 

ئێوە مافی خۆتانە کە هەر دوژمنایەتییەک کە پێتان خۆشە لەگەڵ بارزانی و پارتی بتان بێت. هەر ڕەخنە ی بە جێی و نابەجێش لێیان بگرن. وا بزانم کەم کوردی نیشتمانپەروەر ببێت کە ڕەخنەی لە بارزانی و پارتی نەبێت و زۆر لە کردەوەکانیان جێگای ڕەخنەیە، بەڵام ئەوەی کە کوردستان و مێژووی کوردستان و هێماکانی و لە هەر هێمایەک گرنگتر، واتە ئاڵا بکەن بە قوربانی شەڕی حیزبی خۆتان.

 

وەڵامی چەن ئارگۆمێنتی لە ڕادە بەدەر بێ لۆژیک

ئەم ئاڵایە هی هەموو کوردستان نییە و تەنیا هی هەرێمی کوردستانە. یەکەم لە باری مێژوویەوە ئەم ئاڵایە زۆرتر لە هەر ئاڵایەک لە لایەن کوردانی چوار پارچەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە و ئەگەر هەڤاڵان تەنانەت ناوچەگەریش بکەن، ئەم ئاڵا لە باکوورەوە هاتووەتە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژهەڵات چووەتەوە باشوور. یانی بە هیچ حیسابێک باشووری نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەی بارزانییەوە نییە و نەبووە و تۆ خودا ئەم ئاڵای کوردستانە مەفرۆشن بە بارزانی. 

دووەم: ئەگەر کێشەش ئەوەیە کە ئەم ئاڵایە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگیرێت ، دەی خۆ ئەوە زیاتر شەرعەیەتی پێ دەدات. واتە لە تەنیا شوێن و کاتێکدا کە کورد توانیویەتی بە شێوەی فەرمی هەڵبژاردن بکات، پەرلەمان هەڵببژێرێت و لە پەرلەمانێکدا ئاڵایەک پەسەند کرابێت هەر ئەم ئاڵایە . مەگەر ئێوە کە ئارم و لۆگۆی پ ک ک تان کرد بە ئاڵا بۆ کوردستان، ئەسڵەن خەڵک مافی دەنگدانی هەبوو، ئێوە هەر لە پێشدا دیاریتان کرد و کەڵکتان لێوەرگرت. بەڵێ ئەو کەسک و سوور و زەڕە، هەمان ئاڵای مادەکانە، باشە دەستان خۆش بێت. 

لە هەر شتێکدا ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرین، لە باسی ئاڵادا ناتوانین ڕەخنەی لێ بگرین، چونکە خۆ ئەوان نەهاتن ئاڵای حیزبەکەی خۆیان بکەن بە ئاڵای کوردستان، یان ئاڵایەکی تازە بهێننە ئاراوە. ئەوان سادەترین و بێ قڕەترین فۆرمیان لە ئاڵای کوردستان داناوە واتە سوور لە سەرەوە سپی لە ناوە ڕاستدا و سەوز لە خوارەوە و خۆرێک بە بێ هیچ شتێکی زیادی، بۆ نموونە ئەگەر وێنەیەکی مام جەلال، کاک مەسعوود یان بەشێک نیشانەیەک لە پارتی یان یەکیەتی تێدا ببووایە، ئەو کات دەمانتوانی بڵێین دەستیان بردووەتە ناو ئاڵاکە. 

لە تەواوە ئەو ساڵانەدا پ ک ک دژایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووە قەت ئاڵای کۆماری بە فەرمی نەناسیوە، ئەمە چی بوو لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، لە کوتوپڕ بوو بە لایەنگری کۆماری کوردستان و ئاڵا بۆ ڕۆژهەڵات دیاری دەکات و دەڵێت ئیلا و بیلا ئەمە دەبێت ئاڵای ڕۆژهەڵات بێت. باشە ئەوە ئەم شەرعیەتەتان لە کوێ هێناوە کە ئاڵا بۆ خەڵک دیاری دەکەن پاشان ئەو پێداگرییەتان لەبەر چییە کە دەبێت هەر پارچەیەکی داگیرکراو ئاڵایەکی تایبەتی هەبێت، کوردستان یەک وڵاتە و و یەک نەتەوەیە و یەک ئاڵای هەیە. 

مەگەر شەرعیەت لە هەموو ڕوانینێکی دیموکراتیکدا خودی خەڵک نین، دەی فەرموون چاو لێ بکەن خودی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە کام ئاڵا کەڵک وەردەگرن؟

ئاگاتان لێ بوو کاتێک کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادییەدا، شەهیدەکانیان بە خاک دەسپارد کام ئاڵایان دەدا بە سەر جەنازەکان و قەبرەکانیان دا؟ تەنیا ئاڵای کوردستان. 

 

کاتێک خەڵکی ڕۆژهەڵات ئاڵای کوردستان بە ئاڵای خۆی دەزانێت، ئایا مافی منە لە بەرلین و برۆکسل و پاریسەوە ئاڵای بۆ دیاری بکەم. 

ئەرگۆمنتیکی تر کە دەیهێننەوە ئەوەیە کە گوایە هەموو ئەو شتە خراپانەی وا لەم سی ساڵەدا لە باشووری کوردستان دا ڕووی داوە لە ژێر و بە ناوی ئەو ئاڵایەوە کراوە بۆیە ئێمە دەبێت دژی ئەو ئاڵایە ببین. بە ڕاستی نازانم چۆن ئەو کەسانە شەرم ناکەن کە شتی وا دژ بە ئاڵایەک دەڵێن کە هەموو دوژمنانی کوردستان دژایەتی دەکەن و هەر خراپەیەکی تاکەکەسیش دەدەنە پاڵ ئاڵا، ئەمە هەمان ڕەفتاری ئاژانسە هەواڵنێرەکانی سپای پاسدارانی ئێران و ڕۆژنامەوانە بە کرێ گیراوەکانی لە دەرەوەی ئێرانە کە بە ناوی گوایە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانن، بەڵام دژایەتی سەرەکییان دژایەتی کوردستان و ئاڵای کوردستانە.

بەشێکیش ون بوونی ئێوە لە لەزەتی ئیرزا کردنی چەپی ئێرانیدایە، چەپی ئێرانی بە چوار دانە بەخ بەخ کردن بۆ کۆدار و بۆ ڕۆژئاوا، گوشار دەهێنین بۆتان بۆ ئەوەی کە ئەو ئاڵایە کە بە ئاڵای کوردستان ناسراوە، کەڵکی لێوەرنەگرن. جا پێتان دەڵێن بارزانی کۆنسێرڤاتیوە، دێهاتیە، عەشیرەییە ، ناسیۆنالیستە و.. ئێوە بەڵام مۆدێرنن، باکلاسن، ئینتێرناسیۆنالیستن نابێت ئاڵای ئەو کۆپانە بە دەستانەوە بگرن، جا ئێوەش بە ڕەفیق ڕەفیق جان شاگەشگە دەبن و کەیفتان کۆکە کە گوایە بەرەی نوێی چەپی ئێرانی پەیڕەو یان هاوپەیمانیتان دەکات. بە کوردستان قەسەم حەیفە هەڤاڵ.

ئەو چەپەی ئێوە ئێستا لەگەڵیان کۆنگرە بۆ دیموکرات کردنی ئێران بەڕێوە دەبەن، هەمان ڤێرژنی تازەکراوەی سۆشیاڵ شووینیستەکانی فارسن لە دەیەکانی شەستی کۆچی هەتاویدا، کە لەسەر ئەو باوەڕەن کاریگەرانی جیهان بە فارسی یەک بگرن. بۆ ئەوان گرنگترین شت ئەوەیە کە ناوی کوردستان کەم کەم بشۆنەوە و یەکپارچەیی سەرزەمینی ئێران بپارێزن. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوان مێشک و عەقڵی خەباتی یەکسانیخوازین و کوردەکان جەستەی خەبات کردن. 

دەبێت لە خۆتان بپرسن، بۆ دوژمنانی کوردستان کێشەیان لەگەڵ هیچ فۆرمێک لە ئاڵا نییە بێجگە لەگەڵ ئەو فۆرمەی ئاڵای کوردستان. 

 

لە ڕاستیدا دەبێت تاکوو کوردستان ڕزگار دەبێت تەنیا لەو ئاڵایە وەک ئاڵای کوردستان کەڵک وەربگیرێت و لە پاڵیشیدا هەر حیزبێک ئاڵای خۆی دابنێت یان هەڵبدات، بەم جۆرە خەڵک دەتوانن هەم ڕێز لە کوردستان بگرن و هەمیش لە ئاڵای حیزبەکە. بەڵام هەر حیزبێک ئاڵای حیزبەکەی خۆی لە ئاڵای کوردستان بە ڕەنگین تر بناسێت، دەی خەڵک تووشی دووانە حیزب و کوردستان نابن. 

ئەگەریش ڕۆژێک کوردستان ڕزگار بوو، یان هەر پارچەیەک ڕزگار بوو ئەو کات خەڵک بە دەنگدان بڕیار لە سەر ئاڵا دەدەن.

 

ڕوون کردنەوەیەکی تایبەتی خۆم:

زۆر کەس لێم دەپرسن، ئەی بۆ تۆ ئەو شاڵەی کە دەیکەیتە ملت، تەنیا کەسک و سوور و زەردەکەیە و هەر لە هەمان فۆرمە کە لە ڕۆژئاوا و بە گشتی پ ک کە یەکان دەیکەنە ملیان. 

یەکەم هۆ ئەوەیە کە ئەگەر شاڵێکی سوور و سپی و سەوز بکەمە ملم، هیچ دیاری نییە ڕەنگە زۆر لەوە بچێت کە ئاڵای ئێرانە و لەبەر ئەوەی کە هیچ نزیکایەتییەکم لە ئێران نەبێت، ئەو کەسک و سوور ە زەڕە دەکەمە ملم کە وەک گوتم دەگوترێت ئاڵای مادەکانیش بووە. 

دووهەم: ئەگەرچی من سەربەخۆییخوازم، بەڵام هەر دەستکەوتێکی پۆزیتڤی کوردی ڕێز لێ دەگرم و بە تەواوی گیانمەوە پشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستاتووسەکەی ڕۆژئاوا دەگرم. 

بۆیە کە ئاڵاکە بە دەستمەوە دەگرم شاڵە کە لە ملم دەکەم . هەڵبەت زۆر جاریش گوڵوەنی (هەوری)م دەکردە ملم، بەڵام بە داخەوە ونم کرد و ئێستا تەنیا ئەو شاڵەم هەیە. 

 

 

شەهاب شێخی

٢١.١٢.٢٠٢٣

لەم چەن  سەرچاوەی خوارەوە و هەوەرها ویکیپێدیای کوردی و ئڵمانی کەڵکم وەر گرتوە

 

https://kurdistanica.com/289/flag-of-kurdistan/#The_National_Flag_of_Kur...

https://darkamazi.net/sorani/archives/1029825

https://www.rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/features-17122020

https://govartishk.com/شیکاری-ژمارە-٥٣/مێژووی-ئاڵای-کوردستان/

https://www.basnews.com/so/babat/729423

 

 

 

 

kurdi
Share
تا کنون 0 دیدگاه برای این پست ثبت شده است
shahab sheikhi ©