ژنان دوو جار دەکوژرێن. جارێک لە ژیانی ڕاستەقینەدا، جارێکیش لە سۆشیاڵ میدیا دا، کاتێک ژنان باس لە #ژنکوژی دەکەن، دەکەونە بەر تانە، بێڕێزی، هەڕەشە، هاشتاگ و بە دژە نیشتمان و خائین و هەزار شتی تر پێناسە و لە ڕاستی دا تیرۆری سپی دەکرێن و لە ڕاستی دا دووبارە دەکوژرێن. هەر دوو جاریش لە لایەن پیاوانەوە دەکوژرێن و هەر دوو جاریش تەنیا لەبەر ئەوەی دەکوژرێن کە ژنن.
چونکە حەزەراتی پیاوان پێیان باش نییە، کە ژنان بە بێ ئیجازەی پیاوان خۆیان بۆ خۆیان لە سەر کێشەکانی ژنان بڕیار بدەن و بۆیان دیاری دەکرێت، کە ئەوان، دەبێت چۆن ژنێک بن، بۆیان دیاری دە کرێت کە چۆن لە شتەکان تێ بگەن، بۆیان دیاری دەکرێت کە لە کام چەمک دەبێت کەڵک وەربگرن و بۆیان دیاری دەکرێت لە کام سات و کاتدا دەمیان بکەنەوە. بەڵام لە هەموو گرنگتر، ئەو خاڵەیە کە پیاو وا دەزانێت تەنانەت ئەو باشتر لە ژنان و لە کێشەکانی ژنان تێ دەگات، بۆیەبە خۆی ئیجازە دەدات بە ژنان بڵێت، نە تۆ نازانی، تۆ هەڵە تێگەیشتووی و ئەوە منم بۆت ڕوون دەکەمەوە، ئەم دیاردەیە، یان نییە، منم پێوەرت بۆ دادەنێم، کەی کەی و چون و لە کوێ تۆ دەتوانی لە چەمکێک کەڵک وەربگریت. ئەم دیاردەیە کە پیاو زۆربڵێیی لە سەر کێشەکانی دونیا دەکات و خۆشی بە پێوەر و بڕیاردەر دەزانێت، لە دونیا ئەمڕۆدا بە پیاو ڕوونکەری (پیاو زۆربڵێیی، پیاو وڕینە) ناو دەبرێت کە من پیاو ڕوونکەری دادەنێم بەڵام دەبێ ئاشکرا بێت کە ئەم ڕوونکەریە زۆرتر مانای نگەتیڤ و تەوسی هەیە. واتە پیاو هەوڵ دەدات بۆ ژن ڕوون بکاتەوە کە دونیا چۆنە. پیاوڕوونکەری یا زۆربڵەیی ئاماژەیە بۆ ئەو لێدوانانەی کە پیاوێک دەیخاتە ڕوو کە وا گریمانە دەکات کە زیاتر لەبارەی بابەتی گفتوگۆکە دەزانێت لە چاو ئەو کەسەی کە - بەزۆری مێینەیە - کە قسەی لەگەڵ دەکات. کە ئەم دەستەواژەیە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی جێندەری، نیشاندەری ناهاوسەنگی( Asymmetry) دەسەڵات لە پەیوەندی(Kommunikation) نێوان ژن و پیاودا دەهێنێت. ئەم دەستەواژیە نوێ کاتێک دروست بوو کە دەیهەوێت ڕەوشثی پیاوان لە مومارەسەی دیالۆگی داپڵۆسێنەری دەسەڵاتاوی لەگەڵ ژنان دابکەنەوە.
ئەم دەستەواژەیە کە یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٨، لە لایەن ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بە ناوی ڕێبێکا سۆلنیت (Rebecca Solnit) کەڵکی لێ وەرگیرا وفەرهەنگی کۆلێژی مێریام-وێبستەر (Merriam-Webster’s Collegiate Dictionary) بەم شێوەیە وەسفی ئەم دەستەواژەیە کراوەو: «پیاوزۆربڵێیی، ئەوەیە کە کاتێک پیاوێک بە خۆبەزلزانین لەگەڵ کەسێک (بەتایبەت ژنێک) باسی شتێک دەکات کە خۆی زانیارییەکی ناتەواوی لە سەر هەیە، بەڵام لە لای پیاوەکە ئەو گریمانە هەڵەیە هەیە کە زیاتر لەو کەسە (ژنەکە) دەزانێت کە قسەی لەگەڵ دەکات»
لە ڕاستیدا ئەم پێش گریمانە هەڵەیە کە پیاو تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو بە حوکمی ئەوەی کە پیاوە لە کێشە ژنانە کانیش دا یان تەنانەت لە ستەم دژ بە ژناندا، کە بکەری ئەو ستەمە بە گشتی خودی پیاوە لە سیستەمی پیاوباوکسالاردا، باشتر لە ژنێک تێ دەگات، هەر لە پێگەی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێت، پیاو خۆی بە خاوەنی هزر و عەقڵ، بە خاوەنی زانست، بە خاوەنی ئەدەبیات، بە خاوەنی خەبات و زۆر بە شێوەیەکی سروشتی؟!!! خۆی بە خاوەنی نیشتمانیش دەزانێت.
هەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا وێبسایتی Academic Men Explain Things to Me (واتە، کاتێک ئەکادیمیکەری پیاو دونیا بۆ من ڕوون دەکاتەوە) لەوێ سەدان ژنی ئەکادیمیست بیرۆکەیان سەبارەت بەو دۆخانە ئاڵوگۆڕ دەکرد «کە تێیدا لە لایەن پیاوانەوە بە شێوەیەکی خۆبەزلزانانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە یان سووکایەتییان پێکراوە، کە ئەوان هەڵەن و خراپ تێگەیشتوون.»
ئەم دەستەواژەیە هەتا زەمان دەگوزەرا، زیاتر لای ژنەکانەوە کەڵکی لێ وەر دەگیرا لە ساڵە کانی ٢٠١٠ بە دواوە، هەندێک ژنان دەستیان کرد بە نووسین لەسەر پیاوزۆربڵەیی یان پیاوڕوونکەری لە کۆتایییەکانی ٢٠٠٠کاندا، شێوازی وتووێژ لەگەڵ پیاواندا بە ناوی پیاو زۆربڵێیی، لەناو دیمەنی بلۆگەرە فێمینیستەکاندا بە خێرایی بڵاو بووەوە و فراوانتر بوو. نووسراوێکی بلۆگ لە ساڵی ٢٠١٠ بە قسەی بێ تاوان وەسفی دەکات، وەک نموونە
“کاتێک پیاوێک پێت (بە تۆی ژن) دەڵێت، چۆن شتێک بکەیت کە پێشتر خۆت دەزانیت چۆن بیکەیت، یان لە کوێدا هەڵەیت لەبارەی شتێکەوە کە لە ڕاستیدا ڕاست دەکەیت، (خۆی تێنەگەیشتووە)
یان کاتێک ڕاستییەکی درۆ و گوماناویت پێ دەڵێت سەبارەت بە بابەتێک کە تۆ زۆر زیاتر لە ئەو لەبارەیەوە دەزانیت.”
لە ڕاستیدا پیاو زۆربڵێیی و پیاو ڕوونکەری خۆی یەکێکە لە نموونەکانی سێکسیم و پیاو مەزنی ڕۆژانەیە کە جاری وا هەیە پیاوان خۆیان ئاگایان لێ نییە، ئاخر مەرج و گریمانە لە سەر ئەوەیە کە پیاو هەر لە خۆیەوە زۆر شت دەزانێت و لە بیری دەچێتەوە هەر ئەوەی کە ئەو دژایەتی ژنان دەکات خودی ئەوە نیشانی دەدات کە چەندەها پیاوباوکسالاری لە دەروونیدا شتێکی سروشتییە کە ئاگای لێ نییە کە خەریکە خۆی و نیشتمان و هەموو شتێک خراپتر دەکات، ئاخر پێش گریمانە ئەوەیە کە ئەوەی کە تا ئێستا پیاو چی بە ژن گوتووە ، چۆن و کام پێوەری بۆ داناوە و.. هتد نەبووە بە هۆی هیچ کارەساتێک.
ئاخر پیاو لە بیری دەچێتەوە کە بناغە دا نێری هێترۆپیاوباوکسالاری، بناغەدا نێری پیاو مەزنی و بکەر و بڕیاردەر و پاساو دەری ژنکوژی هەر خودی پیاوە. بەڵام زۆربەی ئەم پیاوانە مەبەستیان لەم شێوە ڕەفتارانە ئەوەیە بە ژنان بڵێین کە، ئەوان دژە ژن و سێکسیت و ڕەگەزپەرست و ئەمانە نین، بەڵکوو لە خودی ژنەکان فێمینیست ترن، بەڵام فێمینیستی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەوان دەیڵێن. ڕێک لە و کاتانەیە دا کە دەبێت پیاو بە خۆی بڵێت کە باشە بۆ ئەوەندە زۆربڵێیی دەکەم. با دەمم ببەستم و بهێڵم ژنان خۆیان لەسەر خۆیان و مافەکانیان و کێشەکانیان بڕیار بەدەن. ئەگەریش پشتگیریان ناکەم، لانیکەم بێدەنگ ببم و هیچ نەڵێم ماقووڵ ترم.
![Share](/sites/default/files/share.png)