مێژووی #هەشتی_مارس
ڕۆژی هەشتی مارس یان هەشتی ئازار بە ناوی ڕۆژی جیهانی ژنان (International Women's Day) دەناسرێت. ئەگەرچی ٨ی ئازار لە بڕێک لە وڵاتەکان لایەنی سیاسیی خۆی لە دەست داوە و پیاوان هەوڵیان داوە بیکەن بە تێکەڵێک لە ڕۆژی دایک و ڕۆژی ڤالانتاین و ڕۆژێکی ناسیاسی، بۆ ئەوەی پیاوەکان ئەوینداری خۆیان لە بەرامبەر ژنان پیشان بدەن؛ بەڵام لە بڕێک لە وڵاتەکانی تر هێشتا سیاسی ماوە و پرۆگرامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهێز بەڕێوە دەچن و ئاگاداری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان لە خەباتەکانی ژنانی سەرانسەری جیهان بە شێوەیەکی هیوادارانە کاری بۆ دەکرێت. بەڵام ڕەنگە کەم کەس بزانن بۆ چی ڕۆژی جیهانی ژنان و بۆ چی هەشتی مارس؟ لەم نووسراوەدا هەوڵ دەدەم ئەو خاڵە مێژوویانە ڕوون بکەمەوە کە بوون بە هۆی ئەوەی کە هەشتی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان لە جیهان دا بناسرێت. تەنیا پێویستە بزانن کە لە، ڕۆژەدا سەدان ژن لە جیهاندا کە بۆ مافە ڕەواکانی خۆیان خەباتیان کردووە، کوژراون، لێدراون، ئەشکەنجە کراون و یان ساڵانێکی زۆر زیندان کراون، بۆیە هەشتی مارس بە ڕاستی جەژن نییە، بەڵکوو یاد و ڕێز لێگرتنە لەو خەبات و ئەو دەستپێشخەرییە ئارەزوومەندانەی ڕێکخراوە سۆسیالیستییەکان و چالاکانی ژن لە قۆناخەکانی پێش شەڕی جیهانی یەکەمدا تا ئەمڕۆ لە خەبات بۆ مافی یەکسان، مافی دەنگدان بۆ ژنان و هەر وەها بەشداری سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕزگارکردنی ژنانی کرێکار لە بارودۆخی نالەبار و نامرۆیانەی کار (وەک نموونە حەفتا و پێنج کاتژمێر کار لە حەوتە دا) سەری هەڵدا.
لە هەشتی مارس دا چ ڕووی داوە؟
هەشتی مارسی ١٨٥٧ کرێکارانی ژنی کارخانە جۆڵاییەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا دژ بە بارودۆخی نا مرۆیی و کرێ زۆر کەم و کاتژمێرە زۆرەکانی ئیش لە یەک ڕۆژدا و هەروەها نایەکسانییەکانی تر لە ناو کارگەی جۆڵایی (یان چنین و ڕستن) دا کۆبوونەوەی نا ڕەزایەتیان ئەنجام دا کە دەگوترێت پۆلیس بەریان دەگرێت و ناتوانن کۆ بوونەوەکەیان بکەن بە ڕێپێوان و خاوەن کارخانەکانیش دەرگای کارخانەکە دادەخەن و پاشان ئاگر بەر دەبێتە هەندێک شوێنی کارخانەکە و چوون دەرگاکان بەسترابوون هەموو ژنەکان ناتوانن نەجاتیان بێت و دەڵێن سەد تا سەد و بیست و نۆ ژن لەم ئاگرەدا سووتان. زۆر لە ژنان خاوەنی کارخانەکان بە تاوانبار دەزانن و دەڵێن ئەگەریش بە ئەنقەست ئاگریان بەر نەدابێتە کارخانەکە، خۆ بەستنی دەرگاکان بوو بە هۆی سووتانی ئەو هەمووە ژنە کە تەنیا داوای مافی یەکسانی ئیش و ژیان یان دەکرد. (جێی ئاماژەیە کە بە داخەوە بەڵگە و دۆکیۆمێنتێک لەم بارەوە بە جێ نەماوە و تەنیا ژنانی ئەمریکا بە زارەکەی نەوە بە نەوە بۆ یەکیان گێڕاوەتەوە و چیرۆکە کە ماوەتەوە تەنانەت ئێستا وەک ئەفسانەیەک ناوی لێ دەبرێت)
نزیکەی بیست ساڵ دوای ئەوە لە ١٨٧٥ دا دیسان ژنانی کرێکاری شیکاگۆش لە هەشتی مارسدا وەها ڕێپێوانێکیان ڕێ خست کە لە لایەن پۆلیسەوە بە توندی سەرکوت کراو زۆریان لێ قۆڵبەست و زامدار کرا.
لە هەشتی مارسی ١٩٠٧ یش دا دیسان ژنانی کارخانە پارچەی مەنهەتەنی نیویۆرک بۆ هێنانە خوارەوەی کاتی ئیش بۆ سەر دە کاتژمێر و هەر وەها دژ بە کار کردنی منداڵان ڕێپێوانیان کرد کە ئەم ڕێپێوانەش لە لایەن پۆلیسەوە بە توندی سەرکوت کرا.
بەڵام ئێستا داواکارییەکانی ژنان تەنیا لە بابەتی ئابووری و و ئیش و دژایەتی کاری منداڵان نەبوو بەڵکوو ئێستا لە زۆر شوێنی جیهاندا ژنان ڕێپێوان و چالاکیان بۆ مافە سیاسییەکان بە تایبەت بۆ مافی دەنگ دان دەکرد. بەڵام هیچکام لە مانە نەبوون بە هۆی ئەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان دابمەزرێت و و تەنانەت نەشبوون بە هۆی هەشتی مارس. ئەی بیرۆکەی ڕۆژی جیهانی ژنان لە کوێی و لایەن چ کەس گەلێکەوە بوو و بۆ چی هەشتی مارس لە درێژەی بابەتەکە باسی دەکەین.
ڕۆژی جیهانی ژن
یەکەم پێشنیاز بۆ ڕۆژی جیهانی ژن لە دووەمین «کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنانی سۆسیالیست» لە بیست و حەوتی ئاگۆستی ١٩١٠لە کۆپنهاگن لە لایەن کلارا زێتکین (Clara Zetkin) و کەیت دونکێرس (Käte Duncker) درا. بە بێ ئەوەی ڕۆژێکی تایبەتی بۆ دیاری بکەن، بەڵکوو دیبەیتەکە لەسەر ئەوە بوو ستەم و چەوساندنەوەی ژنان بە داخەوە سیستەمێکی جیهانی و ئینتەرناسیۆناڵە باشتر وایە کە لە ڕۆژێکی تایبەت دا هەموو ژنانی جیهان هەم بۆ ڕێز گرتن لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و هەم بۆ ئاگادارکردنەوە لە هەڵاواردن و ستەمەکان و هەروەها بەرنامەکانی خەبات ڕۆژێک دیاری بکرێیت. بڕیارەکە لە کۆپنهاگن بریتی بوو لە؛ «بە لەبەرچاو گرتن و ئاماژە پێکردنی ڕێکخستن بە هۆشیاری سیاسی چینایەتی و سەندیکایەوە پرۆلیتاریا لە وڵاتەکەیاندا، ژنانی سۆسیالیستی هەموو وڵاتان ساڵانە ڕۆژێکی تایبەت بۆ ژنان ڕێک دەخەن، کە بە پلەی یەکەم خزمەت بە بانگەواز کەری بۆ مافی دەنگدانی ژنان. [...] ڕۆژی ژنان دەبێت سیمایەکی نێونەتەوەیی هەبێت و بە وردی ئامادەکاری بۆ بکرێت» (١)
دەگوترێت کە بیرۆکەی ئەمەش لە ئەمریکاوە هاتووە. لەوێ ژنانی پارتی سۆسیالیستی ئەمریکا (SPA) لە ساڵی 1908 کۆمیتەی نەتەوەیی ژنانیان دامەزراند، کە بڕیاریان دا ڕۆژێکی تایبەتی تێکۆشانی نەتەوەیی بۆ مافی دەنگدانی ژنان دەست پێ بکەن. ئەم یەکەم ڕۆژەی ژنان لە ئەمریکا لە ٢٨ی شوباتی ١٩٠٩(٢)سەرکەوتوو بوو - یەکێک لە هۆکانی ئەو سەرکەوتنە ئەوە بوو کە چالاکوانانی مافی مەدەنی و مافی دەنگدانی ژنان (Suffragette) پەیوەست بوون بە داواکارییەکانی مافی دەنگدانی ژنان و پێکەوە لەگەڵ سۆسیالیستەکان خۆپیشاندانیان کرد. بیرۆکەی دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە بە خێرایی لە دایک بوو و خۆپیشاندانی ژنانی ئەمریکای باکوور بۆ مافی دەنگدان لە شوباتی ساڵی ١٩١٠ ئەنجام درا، لە کاتێکدا مای ود سیمۆنس (May Wood Simons)ی ئەمریکی بیرۆکەی ڕۆژێکی لەو شێوەیەی هێنایە کۆپنهاگن، ئەوە ژنە سۆسیالیستەکانی ئەڵمانی «کلارا زێتکین» و «کەیت دۆنکێر» بوون کە لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆپنهاگن بانگەشەیان بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان کرد.
بەڵام یەکەم ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەشتی مارس دا بە ڕێوە نەچوو، بەڵکوو یەکەم ڕۆژی جیهانی ژنان لە ١٩ی ئازاری ١٩١١ لە دانیمارک، ئەڵمانیا، نەمسا-هەنگاریا و سویسرا بەڕێوەچوو. هەڵبژاردنی ئەو بەروارە ڕەنگە بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر سیمای شۆڕشگێڕانەی ڕۆژی ژن بووبێت، چونکە ڕۆژی پێشوو، ١٨ی ئازار، ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو کەسانە بوو کە لە سەردەمی شۆڕشی ئازاردا لە ساڵی ١٨٤٨دا گیانیان بەخت کردبوو. جگە لەوەش کۆمۆنی ساڵی ١٨٧١ی پاریس، لە مانگی ئازار دەستی پێ کرد.
لە هەندێک لە سەرچاوەکاندا دەڵێن لەو ڕۆژەدا سێ سەد هەزار ڕێپێوان و خۆپیشاندان لە لایەن ژنانی جیهانە وە بە ڕێوە چوو.
لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ڕۆژی جیهانی ژنان لە بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا جێگەی خۆی دۆزیبووەوە و بووبوو بە بەشێکی گرنگی پڕوپاگەندە و کاری پەروەردەیی حیزبە سۆسیالیستییەکان و بزووتنەوەکانی ژنان. ئەم ڕەوتە لە چەند ساڵی داهاتوودا بەردەوام بوو، ئەگەرچی شەڕی جیهانی یەکەم بابەت یان ناوەڕۆکی خۆپیشاندانەکانی گۆڕی. ئیتر تەرکیز لەسەر مافی دەنگدانی ژنان و دیکەی مافەکانیان نەبوو، بەڵکوو ژنان و دیکەی چالاکوانانی مەدەنی ئەم ڕۆژەیان وەک ڕۆژێک بۆ چالاکیی دژی شەڕیش کەڵک لێ وەردەگرت. بەڵام هێشتا بەردەوام کۆبوونەوەکان و خۆپیشاندانەکانی ژنان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە تووشی سەرکوت دەبوون. بەڵام هێشتا لە یەک ڕۆژی تایبەت دا لە هەموو جیهان بە ڕێگەوە نەدەچوو. بەڵکوو یان لە نۆزدەی مارس، یان پازدەی ئەپریل یان دوایین یەکشەممەی مانگی فێبروار.
کەی هەشتی مارس بوو بۆ ڕۆژی ژن؟
ساڵی ١٩١٧ ساڵێکی مێژوویی بوو بۆ شۆڕشی ژنان و نزیک بوونەوە لە هەشتی مارس. جیا لە زنجیرە ڕێپێوان و کۆبوونەوەکانی چەپەکان و ژنانی ئاڵمان بە تایبەت دژ بەو هێزانەی کە سەرمایەگوزارییان لە شەڕدا دەکرد و پشتیوانی شەڕیان دەکرد هەروەها جەختی زۆرتر لە سەر جیهانی کردنەوەی ڕۆژی خەباتی ژنان دەکرا، لە هەمان ساڵی ١٩١٧ دا، لە لە شاری پترۆگراد دانیشتوانی ناوچە هەژارەکانی دیوی ڤیبۆرگ مانیان گرت. کرێکاران و ژنانی خێزانی سەربازەکان و بۆ یە کەم جار ژنانی وەرزێڕ پێکەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و شۆڕشی شوباتیان دەست پێ کرد: ژنانی پترۆگراد یەکەم کەس بوون کە ڕژانە سەر شەقامەکان. چونکە ئەو ڕۆژە دوایین یەکشەممەی شوبات یان فێبروار بوو کە دەیان ویست ڕۆژی جیهانی ژنان بە ڕێوە بەرن، بەڵام هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد ئێستا ژنان لەو ڕۆژەدا تەنیا باسی ژنان ناکەن بەڵکوو دژایەتی شەڕیش دەکەن، ژنانی دیکەش سەفی دووکانەکانیان بۆ کڕین و وەرگرتنی خواردەمەنی بە جێ هێشت و بە دروشمی: نان و ئاشتی! نەمان بۆ شەڕ! و هەندێک دروشمی تری ئاشتی و ئازادیخوازانە کۆبوونەوە و مانگرتنێکی گەورەیان ڕێ خست و بوو بە هۆی ئەوەی کە تەنانەت کرێکارانی گرنگترین کارگەکانی چەک و تەقەمەنی، واتە کارگەی پوتیلۆڤ، مانیان گرت و ڕوویان لە شارەکە کرد. تەنانەت جووتیاران بە پاڵتۆی سەربازەوە بەرەو لای کرێکاران و ژنان هاتن و لە چەند ڕۆژی دواتردا ژمارەی مانگرتووان و خۆپیشاندەران گەشەی کرد و بوو بە هەرەسێک کە شۆڕشی فێبروار دەستی پێ کرد. (٣)
بەڵام لە زەمانەدا ڕووسیا هێشتا لە ڕۆژژمێری جولیانی (وەرگیراو لە جولیۆس سێزار) کەڵکی وەردەگرت، هەمان ڕۆژژمێر کە پاشان پاپ گریگۆری شەشم هەڵەکانی حیساب نەکردنی ساڵی کەبیسەی ڕاست کردەوە، کە واتە بیست و سێی فێبروار بە ڕۆژژمێری جولیانی، دەبوو بە هەشتی مارسی ڕۆژژمێری گریگۆری.
وەک ڕێزگرتن بۆ ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشدا، لە «دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی کۆمۆنیست» لە مۆسکۆ لە ساڵی ١٩٢١ بەڕێوە. چوو، لەسەر پێشنیازی شاندی بولگاریا، ٨ی ئازار وەک ڕۆژێکی جیهانی یادکردنەوە لە خەباتی ژنان ناسێنرا.
پاش پەنجاو چوار ساڵ خەباتی ژنان بۆ جیهانی کردنی ئەم رۆژە، نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) ئەم بەروارەی وەک “ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ژنان و ئاشتی جیهانی” لە ساڵی جیهانی ژنان لە ساڵی ١٩٧٥ هەڵبژارد و بۆ یەکەمجار لە ٨ی ئازاری ١٩٧٥ ئاهەنگێکی ڕێکخست.
یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٥ لە شاری مەکسیکۆ( مێکزیکۆ) بەڕێوەچوو و دواتر "دەیەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان" (١٩٧٦-١٩٨٥) بەڕێوەچوو.
------
شهاب شێخی
بەرلین 08.03.2024
١.
Renate Wurms: Wir wollen Freiheit, Frieden, Recht! Der Internationale Frauentag – Zur Geschichte des 8. März. Verlag Marxistische Blätter, Frankfurt am Main 1980, ISBN 3-88012-603-8, S. 6.
٢. [ Vereinte Nationen (UN): History of Women’s Day. In: UN.org. 2020, abgerufen am 6. März 2020 (englisch).]
٣.
Arnold Reisberg: Wladimir Iljitsch Lenin – der Führer des Weltproletariats. In: Weltall Erde Mensch. Ein Sammelwerk zur Entwicklungsgeschichte von Natur und Gesellschaft. Neufassung. Verlag Neues Leben, Berlin 1954, S. 317 f
https://www.stuttgarter-zeitung.de/inhalt.frauentag....
https://de.wikipedia.org/wiki/Internationaler_Frauentag...
https://www.un.org/en/observances/womens-day/background
![Share](/sites/default/files/share.png)