دیوارەکانی كوردستان

كوردستان ئێران نییە، ئێران کوردستان نییە

نە کوردستان ئێرانە و نە ئێران دەکرێت بە کوردستان.

ئەوانەی کە ئیمانیان هێنا بە شکستی پرۆژەی کوردی ئێرانی، ئێستا باسی پرۆژەی ئێران بکەین بە کوردستان دەکەن. ‏لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژی ئاخردا، هەندێک دەنگۆ و وردە نووسین هەیە، گوایە دەیانەوێت تێستی بکەن کە چۆنە باسی ئەوە بکەین کە ئێران بکەین بە کوردستان. ئەم دەنگۆیە پێشتر لە لایەن تیمی شاراوەی موهتەدی لە سۆشیاڵ میدیا جار و بار دەگوترا، بەڵام وا دیارە کەس هەر بە جددیشیانی نەدەگرت.

ئێستا دەبینن ئەم دەنگۆیە لە لایەن هەندێک کەسی ترەوە کە خوێندنی ئەکادیمیشیان هەیە دووپات دەبێتەوە. واتە ئەوانەی کە کوردیان بۆ نەکرا بە ئێرانی، ئێستا هەوڵ دەدەن پرۆژەکەی "ئاقاخان نووری" و "حەسەن حەبیبی" جێگری هاشمی ڕەفسەنجانی، کە ئێران بکەین بە کوردستان، بەڕێوە بەرن.

لەم پرۆژەدا لە ژێر ناوی هەندێک چەمکی پڕووزاو و بڕوسقاو وەک، "ئێرانی فەرهەنگی، ئێرانی مێژوویی و ئێرانی جوگرافیایی و هتد" کە هەمووی ئەم چەمکانە خۆی دروستکراوی مەعریفەی داگیرکەر و کۆلۆنیالیستی ئایدیۆلۆژی ئێرانییە، ئەگەرنا لە دونیا ئەمڕۆدا کێیە نەزانێت کە شتێک بە ناوی ئێرانی فەرهەنگی یان جوگرافیایی بوونی نەبووە و نییە و لەمە بە دواش نابێت.

ئێران لە ئاڤێستادا وەک وشە هاتووە و پاشان لە شانامەکەی فیردەوسی دا وەکوو ناوی شار شوێن ناوچە هاتووە نەک وڵات. ، وەک دەڵێت لە مازندەرانەوە چوو بۆ ئێران، لە کرمانەوە چوو بۆ ئێران لە زاولستانەوە بۆ ئێران و.. بەڵام بە ڕاستی تەنانەت جێگای شەرمە مرۆڤ لە دونیای ئەمڕۆدا لەسەر ئەم شتە ڕوونانە تەنانەت نیقاش بکات، بەڵام ئەم پرۆژە چییە بڕیارە چی بکات.

هەر وەک هەمووان دەزانن پرۆژەی دروستکردنی ئێران لە بەرلین و لە لایەن نووسەرانی گۆڤارەکانی «کاوە»، «ئێران شار» و «نامەی فەرهەنگستان» بەرێوە چوو و بنەمای ئایدیۆلۆژی ئێرانی (فارسی_شیعە) یان دانا و لە ڕاستیدا ڕەزا پاڵانی، بەڕێوەبەری ئەو ئایدیۆلۆژیا بوو.

بەڵام بنەمای ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی ئێرانی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە گۆڤارەکانی بەرلین و بۆ کەسانێک وەک ئاقاخان کرمانی و ئاخوندزادە. 

لێرەدا ناوی ئاقاخان دەهێنم چوون یەکێک لە و کەسانە بوو کە پرۆژەی دەستبەسەرداگرتنی فەرهەنگی cultural appropriation زۆر باش ئاگا لێ بووە و هەوڵی ئەوەی داوە کە فەرهەنگی نەتەوە و وڵاتە داگیرکراوەکانی تر لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بە ناوی کولتووری ئێرانییەوە بناسرێت و لە یەکێک لەو نموونانەدا لە نامە بۆ کەمالودەولە دا تەنانەت باس لەوە دەکات کە چون ناکرێت هەموو وشە عەرەبییەکان لە زمانی فارسی دەر بهێنین، دەتوانین وشەی زمانەکانی تر بە تایبەت ئاماژە بە ناوچەکانی ئێمە(کوردستان) دەکات، کەڵک لێ وەربگرین. 

لە ڕاستیدا ئەو شتەی کە بە ناوی مێژووی ئێران، جوگرافیای ئێران، فەرهەنگی ئێران دەفرۆشرێت، هەمان مێژوو فەرهەنگی نەتەوە و وڵاتەکانی ترە وەک کوردستان و بەلووچستان و کوردستان و . کە لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراون ترە و بە تایبەت نەتەوەی کورد. بۆیە بەردەوام دەڵێن کورد و فاراس زۆر لەیەک نزیکن و ..چون لە ڕاستیدا ئەوەی بە ناو فارس دەیفرۆشن هەمان کوردییە. زۆر جێگای سەیرە کە کەسێکی ئەکادیمی لە دونیای ئەمڕۆدا نەزانێت کە چەمک گەلێک وەک ئێرانی مێژوویی یان ئێرانی فەرهەنگی لە ڕاستیدا دروست کراو و لەدایکبووی هەمان ئایدیۆلۆژیای ئێرانی سیاسییە کە دەزگایەکی مەعریفی بۆ دروست دەکات وای نیشان دەدات کە شتێک لە پێشدا و لە ئەزەلدا بووە. 

ئەم سیاسەتە کە تەنانەت مێژووی نەتەوەیەکی تریش بە ناوی نەتەوەی خۆتە بفرۆشیت شتێکی تازە نییە و لە سەرەتاکانی بەدیهاتنی دەوڵەت نەتەوەکاندا شتی وا زۆر ڕووی داوە کە ڕۆڵان بێرتۆن ئینسان ناسی فەرەنسیش بە دزینی مێژوو یان دەست بەسەر ڕابوردوودا گرتنت بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕەگی خۆیان لە ئەبەدییەتی مێژوویدا دەکرێت. 

وەک دەبینین ئەم پرۆژەیە لەو سەردەمانی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیستی ئێرانییەوە بووە و حەسەنی حەبیبی کە ئەو کات جێگری هاشمی ڕەفسەنجانی ە و سەرۆکی فەرهەنگستانی زمانی فارسی بوو دەیگوت بۆ هەر وشەیەکی بیانی کە وشەی فارسیمان نەبێت، وشەیەکی کوردی دا دەنێن. 

ئەم دزینی کوردستان لە ژێر ناوێکی تازەتردا واتە ئێران بکەین بە کوردستان، هەمان پرۆژەی ناسیۆنالیستی ئێرانی ئاقاخانی نوورییە کە لە نامەکەیدا دەڵێت، جا چوون ئەوان(کوردەکان) دەوڵەتیان نییە، کەس باوەڕیان پێ ناکات کە هی ئەوانە. 

تۆ کە خۆت دەوڵەتتت نەبوو هەزار پارامێتری فەرهەنگی، سیاسی یان مێژوو یش بخزێنیتە ناو دەوڵەتی داگیرکەرەکەتەوە، لە ڕاستیدا تەنیا داگیرکەرەکەت بەهێز دەکەیت و خۆت لاواز و داگیرکراو یەکەت ئاسایی و یاساییتر دەکەیتەوە

تەنانەت ئەگەر خەون و خولیا دەست بەسەردا گرتنی سەربازی و دەسەڵاتی سیاسی بەسەر وڵاتی داگیرکەردا بگریت بۆ ئەوەی بڵێیت گشتمان یەک وڵاتین هەر پرۆژەیەکی شکست پێ هێنراوە و چارەنووسی پرەنس (شازادە) چارلزی سکۆتلەندی دەبێت ببێت بە سەرچاوەی فێر بوون بۆ ئێمە. 

پرەنس چارلزی سکۆتلەندیش لە سەدەی هەژدەدا کەوتە دوای و پاش ئەوەی یاکوبیتەکان (یاقوبییەکان) کە کۆی کلان و تایفە گەورەکانی سکۆتلەندی بوون کە لە ڕاستیدا بە دوای سەربەخۆیی سکۆتلەندەوە بوون، بەڵام لە بەر باوەڕەی ئایینی و لەبەر ئەوەی کە پرەنس چارلزیان بە شای بەر حەق دەزانی وەک ئەوەی پێویستیان بە ڕێبەرێک بێت کە بتوانێت یەک دەنگیان کات و هەموو خەڵک بکەونە پشتی ، پشتیوانیان کرد لە شازادە چارلز ئێدوارد ستوارت ، بەڵام شازادە چارلز بە خەیاڵی خۆی شای ڕاستەقینەیە کە لە لای خوداوە بۆ سکۆتلەندا و ئینگلیز هەڵبژێرراوە، بۆیە بە جێی ئەوەی کە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەندا بدات ، کەوتە خەونی ئەوە کە ئەرتەشی ئینگلیز شکست پێ بهێنێت و خۆی ببێت بە پاشای هەموو بەریتانیا، بەڵام هەر ئەو خەون و پلانە هەڵەیە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەگەرچی لە سەرەتادا هەندێک سەرکەوتنی بچووکیشیان بوو، بەڵام لە ئاکامدا لە شەڕی بە ناوبانگی کاڵدۆن دا شکستێکی خراپ هاتە ڕێگایان و هەموو یاکوبیتەکان لەوێدا بە دەست ئەرتەشی بەریتانیا (داوێن سوورەکان) کۆمەڵکوژ کران و ئەوەش بوو دوایین شەڕی ڕزگاری سکۆتلەندا شازادە چالز بە جلی ژنانەوە و سوار بەلەمێک بوو جووە بۆ فەرەنسا و قەت نەگەڕاوە و تا ئێستاش سکۆتلەندا هەر بەشێکە لە بەریتانیا و نیوەی خەڵکی دونیاش هەر لە بیریان چووەتەوە کە سکۆتلەندا وڵاتێکی سەربەخۆ بووە و ئینگلیز داگیری کردووە، بەڵکوو هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە سکۆتلەندا بەشێکە لە ئینگلیز کە دەیەوێت جیا ببێتەوە ، ڕێک هەروەها لە بارەی کوردستانە وە بیر دەکرێتەوە. 

ئەوەش کە هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە و باوەڕیان بە تورەهاتێک وەک ئێرانی جوگرافیایی ، ئێرانی مێژوویی و ... هەیە ، بەو مانا نییە هەموویان بەشێکن لە پرۆژەی ئێرانی سپا، پەهلەوی موهتەدی بەڵکوو بەشێکی زۆریان قوربانی توندوتیژی ماریفەتناسانەی epistemic violence هەمان ناسیۆنالیزمی ئێرانین کە سەد ساڵە جەنابیەتی ئێپیسمیک بەرهەم دەهێنێت، کە خودی ئەمە باسێکی قووڵترە و پێویستی بە دەرفەتێکی جیاواز هەیە

بەڵام تەنیا دەتوانم بە کوردی و بە کوردی بڵێم:  نە برای بەڕێز نە کاکە گیان، بۆتان ناچێتە سەر

‎#کوردستان_ئێران_نییە

ئێرانیش هیچ کات نابێت بە کوردستان.

 

kurdi
Share
تا کنون 0 دیدگاه برای این پست ثبت شده است
shahab sheikhi ©