what is Fashism

فاشیزم چییە و تایبەتمەندیەکانی فاشیزم کامانەن. ( چواردە تایبەت مەندی فاشیزم)

نووسراوەی ئۆمبێرتۆ ئێکۆ

وەرگێران لە ئاڵمانییەوە : شەهاب شێخی

چۆن سیستەمێکی فاشیستی دەناسیتەوە؟ ئەمڕۆ زۆرێک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و پارتە سیاسییەکان بە فاشیست وەسف دەکرێن.
“فاشیزم بووە بە “دەستە واژەیەکی هەموو مەبەست ”چونکە ڕەنگە لە هەندێ لە ڕژێمە فاشیستەکان دا "نەتوانین تایبەتمەندییە فاشیستەکان ببینین و کەچی هەر وەک فاشیستی دەناسرێنەوە."

ئومبێرتۆ ئیکۆ(١) لە ساڵی ١٩٩٥سەبارەت بە فاشیزم نووسیویەتی: “ئیمپریالیزم لە فاشیزم دەربهێنە، کەچی هێشتا «فرانکۆ»(٢) و «سالازار»(٣) ت هەیە.
فەرموون کۆڵۆنیالیزم لابەرن، بەڵام دیسان فاشیزمی «ئۆستاشا(Ustascha)»(٤) هەر دەمێنێتەوە.

ئەگەر دژە سەرمایەداریی (ئانتی کاپیتالیزم) ڕادیکاڵ بە فاشیزمی ئیتاڵی زیاد بکەین (کە هەرگیز مۆسۆلینی سەرسام نەکرد)، دیسان "ئێزرا پاوندت"(٥) هەیە.

کولتێک بدەن بە ئەفسانەی سێلتیکی و عیرفانی گرێلی (کە بەتەواوی نامۆیە بە فاشیزمی فەرمی) کەچی یەکێک لە بەڕێزترین فاشیستەکانت بۆ دەمێنێتەوە، واتە « جولیۆس ئیڤۆلا».(٦)

زۆر لەو ناوانە بۆ ئێمە لە ئەمڕۆدا بە زەحمەت مانایەکیان هەیە و پێویستە لە چوارچێوەی سەردەمی ئومبێرتۆ ئیکۆ دا سەیر بکرێن.

لە ڕاستیدا ئێکۆ دەیەوێت پێمان بڵێت کە دەسەڵاتە فاشیستەکان دەتوانن جیاوازییەکی بەرچاویان هەبێت. کەوایە، ناوەڕۆکی سەرەکی فاشیزم لە سەرەتایی ترین مانادا چییە؟

ئومبێرتۆ ئیکۆ کە لە سەردەمی مۆسۆلینی دا گەورە بووە، لیستێکی بە 14 تایبەتمەندییەوە بۆ پێناسە کردنی فاشیزم داڕشتووە.

1. یەکەم تایبەتمەندی هەرە ناسراوی فاشیزم، ستایشی لەڕادەبەدەری نەریتە. ئەم نەریت گەراییە، نەک هەر لە بواری پاراستنی نەریتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانە،، بەڵکوو تەنانەت بوارە فیکرەکانیش دەگرێتەوە. 

نەریت پەرەستی و نەریت گەرایی وەک دژە بزووتنەوەیەک بۆ سینکریتیزم (syncretism) واتە باوەڕ بە تێکەڵاوی دین، ئایین فێرکاریی و قوتابخانە فەلسەفییە جیاوازەکانە. 

لەم باوەڕی نەریت گەراییە دا “هیچ پێشکەوتنێک لە زانین و مەعریفەدا ناتوانێت بوونی هەبێت، چونکە ڕاستییەکان یەکجارەکی و بۆ هەمیشە ڕاگەیەنراوە”.

2. ڕەتکردنەوەی مۆدێرنە(تازەگەری): سەرەڕای پەرستنی تەکنۆلۆژیا، ئایدیۆلۆژیای(فاشیستی) لەسەر خوێن و خاک دامەزراوە.کە وایە نابێت هیچ تازەگەرییەک بکرێت. لە ڕاستیدا فاشیزم لە بنەڕەتدا، هەر چەشنە ڕۆشنگەری نوێ لە باری بیرکردنەوەدا و بەها نوێیەکان ڕەت دەکاتەوە. 

3- نا عەقڵانییەت: "بیرکردنەوە وەک جۆرێک لە کاسترەیشن" (خەساندن). هەر کە ڕۆشنبیری ڕەخنەگرانە بوو، گومانی لێ دە کرێت.بێ متمانەیی بە عەقڵ (هزر). دژایەتی کردنی ڕۆشنبیران ڕۆشنگەر، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزمە.

4. ڕەتکردنەوەی ڕەخنەی شیکاری: ئەگەر زانست و هزر، نەبوونی لەیەکچووی گشتی و یەکسان نەبوون و جۆراوجۆر بوونی کۆمەڵگا بە سوود بزانێت، بۆ فاشیزم. ئەو شێوە زانستە خیانەتە.
 

5. ڕەتکردنەوەی فرەچەشنی بۆچوون و پلۆرالیزم: فاشیزم هەوڵ دەدات ترسی سروشتی مرۆڤ لە جیاوازییەکان بقۆزێنێتەوە و ئەم ترسە توندتر و تیژتری بکات. یەکەم بانگەوازی فاشیزم یان پێش فاشیزم دژی دەست درێژکەرەکانی ناو کولتووری ئێمەیە. فاشیزم تەنیا باوەڕی بە یەک ڕا بوون (اتفاق نەزەر) دژی هەر چەشنە جیاواز بوونی ڕا و بۆچوونەکانە. 

6. سەرهەڵدانی بێزاری لە ئاستی تاکەکەسی یان کۆمەڵایەتییەوە: فاشیزم یان بانگەوازی ئەوە دەکات کە چینی ناوەڕاست تووشی بێزاری و سەرسامی لە قەیرانی ئابوورییە یان دەیەوێت زەلیل بوونی سیاسی کۆمەڵگا بە ئێمە نیشان بدات. بۆیە زۆر لە فەیلەسووفان و بیرمەندان دەڵێن زۆربەی فاشیستەکان تووشی بێزاری لە خۆ و ڕق لە سەرنەکەوتوویی خۆیانن، بۆیە دەیانەوێت وێنەیەکی زەلیل لە کۆمەڵگاش نیشان بدەن.

7- لە سیستەمی فاشیستی دا بۆ هەموو ئەو کەسانەی هەست بە بێبەشبوون لە ناسنامەی کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان دەکەن، یەک ئیمتیازیان پێ دەدرێت، ئەویش لەدایکبوون لەو وڵاتەدایە. کە واتە هەر ئەوەی کە لەو وڵاتەدا لەدایکبووی دەبێت تەنیا فەخری تۆ بێت و مافت نییە هیچ ناسنامەیەکی ترت هەبێت. هەڵگرتنی هەر ناسنامەیەک لە پاڵ ناسنامەی نەتەوەییدا وەک خیانەت ناو دەبرێت و بە دژی نەتەوەخوازی دەبینرێت، بەم ڕوانینە دەگوترێت ناسیۆنالیزمی شوونیستی.

ڕەگی دەروونناسی فاشیست پیلانگێڕییە. ئەندامانی کۆمەڵگا دەبێت هەست بە گەمارۆدراوی بکەن، باشتر ئەوەیە کە لەلایەن کەسانی نامۆوە هەست بە گەمارۆدراوی و پیلان بۆگێڕاوی بکەن.بۆیە وا نیشانی دەدەن کە فرەچەشنی و جۆراوجۆری ناسنامەکان کاری بیانییەکانە. 

8. فاشیزم هەوڵ دەدات لە لایەکەوە هەست بە زەلیل بوون لە سەروەت و سامان و دەسەڵاتی نامۆکان (بێگانەکان) لە ئێمەدا دروست بکات لەو لاوە وامان پێ نیشان بدات کە دەتوانین بە سەریاندا سەربکەوین. هەروەها هەوڵ دەدات کە هەمیشە بە گومانەوە لە هەر شتێک و مرۆڤێکی نامۆ بڕوانین: وەک نموونە ئەو کاتانە لە ئەورووپادا دەگوترا: “جووەکان دەوڵەمەندن و تۆڕێکی نهێنی پشتیوانی یەکتریان هەیە.”

ئەمڕۆ: “پەنابەران هەموو شتێکیان دەست دەکەوێت، ئایفۆنیان هەیە و پیلانیان بۆ “داگیرکردنی وڵاتەکانی ئێمە کردووە”.

9. ژیان تەنیا لە پێناو شەڕکردندا بوونی هەیە. هەر چەشنە ڕوانینێکی“ئاشتیخوازی بریتییە لە هاوکاری لەگەڵ دوژمن.”

10 “ خۆ بە نوخبە زانین”: لە ڕوانینی فاشیستەکان بانگەوازی ئەوە دەکرێت کە تۆ سەر بە باشترین مرۆڤەکانیت، باشترین ڕەگەز. سەرکردە دەزانێت کە دەسەڵات بە شێوەیەکی دیموکراسی بۆی ناگوازرێتەوە، هێزی ئەو لە لاوازی جەماوەردا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. هەموو سەرکردەیەکی لاوەکییەکان سووکایەتی بە ژێردەستەکانی خۆی دەکات. ئەنجامی ئەم سیاسەتە خۆ بە نوخبە زانینی جەماوەرییە. داگیرکەران، پیاوان، کۆلۆنیالیستەکان و.. هەمیشە خۆیان بە نوخبە دەزانن و ژێر دەستانیان بە گەمژە.

11. پەروەردە بۆ قارەمانێتی: لە ئەفسانەکاندا پاڵەوان، بوونەوەرێکی نائاسایییە. بەڵام لە فاشیزمدا پاڵەوان بوون نۆرمێکە. قارەمانێتی پەیوەندییەکی نزیک بە کولتووری ستایش مردنەوە هەیە. پاڵەوان لە فاشیزمدا بێ تاقەتانە بە دوای مردنی قارەمانانەدا، وەک باشترین پاداشت، دا دەگەڕێت و لەم بێتاقەتییەدا بە خۆشحاڵییەوە ئەوانی دیکەش بۆ ئەم مردنە هان دەدات.

12. گواستنەوەی ئیرادە بۆ دەسەڵات و هێژمۆنی بۆ سەر سێکسوالیتە: ئەمەش سەرچاوەی سووکایەتیکردن بە ژنان و نەبوونی لێبوردەیی و تێلۆرانسە بۆ هەر چەشنە پراکتیزەیەکی سێکسیی جیاواز لە جیا ڕەگەزخوازی و هەر چەشنە پێناسەی جیاواز لە ڕەگەز و جێندێرەکانی جیا لە دوانەی پیاو و ژن و هەر خودی ئەمە، سەرەتای مەیلی " جێگرەوەی فالیک(گون)"، واتە یاری کردن بە چەک.لە ڕاستیدا چەک وەک گونیانە.

13- پۆپۆلیزمی هەڵبژێرراو: تاکی هاووڵاتی بە پەیکەرەی گەل یان نەتەوە دادەپۆشرێت. واتە تاک وەک تاک مافی بونی نیەو دەبێت تەنیا خۆی بە نەتەوە و گەل پێناسە بکات.
ئۆمبێرتۆ ئێکۆ دەڵێت ئەمڕۆ گۆڕەپانی ڕایشستاگی نورنبێرگ (ئەو گۆڕەپانەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری نورنبێرگ کە لە ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٣٨ گردبوونەوەکانی پارتی نازی تێدا بەڕێوەچوو،.)، دەتوانین لە پۆپۆلیزمی ئینتەرنێتدا ببینینەوە.

14- فاشیزم بە "زمانێکی خۆی" قسە دەکات:لە سیستەمی فاشیزمدا زمان لە ئاستێکی زۆر ئاسان و هەژاردا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. وشەسازییەکی زۆر هەژار و بەرفراوان و بێ بنەما دەست پێ دەکات و ئەو وشە سازیە هەژارە وەک چەمک پێناسە دەکات, پێکهاتەی ئاسان و نەخوێندەوارانە لە زماندا ئاراستە دەکات. دەست دەدات لە دروست کردنی دەستەواژە گەلێکی وەک درۆی میدیایی و بۆ "شۆڕش" بۆ سەرلەنوێ دروست کردنەوەی چەمکە کانی وەک نەتەوە و..

 

 

 

١. ئومبێرتۆ ئیکو (Umberto Eco)  فەیلەسسوف، نووسەر و رۆمان نووس و شانۆ نووسی  ناوداری ئیتاڵی لە ساڵی لە ١٩٣٢ لە دایک بوو و لە سال ٢٠١٦ مردوە.  زۆربەی خەڵکی جیهان ئەو لە بەر رۆمانی "ناوی گوڵی سوور" دەناسن، بەڵام ئێکۆ یەکێک لە ناودارترین فەیەلەسووفەکانی هاوچەرخە و بە تایبەت یەکێک لە ناودارترین فەیلەسوفانی بواری Semiotics واتە نیشانە شناسی بوو.
 

٢.  فڕانسیسکۆ فڕانکۆ (بە ئیسپانی: Francisco Franco) (٤ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٢ - ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٧٥) دیکتاتۆری ئیسپانیا بوو لە ساڵی ١٩٣٥ەوە تا مەرگی لە ساڵی ١٩٧٥دا. فڕانکۆ لە بیستەکانی سەدەی پێشوودا ببوو بە کەمتەمەنترین جەنەڕاڵی سەرانسەری ئەورووپا. لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا کە سێ ساڵی خایاند (لە ١٩٣٦ەوە تاکوو ١٩٣٩) بەشداری کرد و لە کۆتاییی ئەو شەڕەدا بە کۆدەتا حکوومەتی گرتە دەست و تا ڕۆژی مردنی بە شێوەی سۆشیاڵ دیموکراسیوڵاتەکەی بەڕێوە برد، کە ھەمان شێوەی ھیتلەر و ماسۆلینی بووە. فرانکۆ زمانی ئیسپانیی کرد بە زمانی فەرمیی ئیسپانیا و زمانەکانی تری ئیسپانیا وەکوو کاتالانی و باسکی چەوساندەوە

٣. ئەنتۆنیۆ دی ئۆلیڤێرا سالازار ( lە دایکبووی ٢٨ی نیسانی ١٨٨٩،  لە تەمموزی ١٩٧٠ دا مردووە) لە ساڵی ١٩٣٢ تا ١٩٦٨ سەرۆکوەزیرانی پورتوگال بووە . سالازار دامەزرێنەری دیکتاتۆری ئیستادۆ نۆڤۆی تاکڕەو کە  بە یەکێک لە رژیمە فاشیستیەکان ناو دەبرێت.

٤. Ustasha, ڕێکخراوەی سەرهەڵدانی یاخییانی شۆڕشگێڕی کرواتیا، کۆمەڵەیەکی نهێنی هەرە نەتەوە پەرست-تیرۆریستی کرواتی بوو کە لەلایەن ئانتێ پاڤێلیچەوە لە ساڵی ١٩٣٠ لە شانشینی ئیتاڵیا دامەزرا و سەرکردایەتی دەکرا، کە گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی فاشیستی)

 

٥. ئێزرا وێستۆن لومیس پاوند (لەدایکبووی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٨٨٥ لە شاری هایلی، بلەین کاونتی، ئایداهۆ لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢ لە شاری ڤێنیز مردوە.) شاعیرێکی ئەمریکی بووە. بە یەکێک لە نوێنەرە دیارەکانی مۆدێرنیزمی ئەدەبی دادەنرێت.  بەرهەمە سەرەکییەکەی بریتییە لە The Cantos. پێش ساڵی ١٩١٤ پڕوپاگەندەی ئیماجیزم و ڤۆرتیسیزمی کردووە.

هۆی ئەوەیە کە ئۆبەترۆ ئێکۆ ناویدەبات هی ئەوەیە کە  لە ماوەی مانەوەی لە ئیتالیا لە ساڵی ١٩٢٤ تا ١٩٤٥ سەرسام بوو بە فاشیزمی ئیتالیا و پشتگیریی لە فاشیزم دەکرد.

٦. جولیۆ سێزار ئەندریا ئیڤۆلا (Giulio Cesare Andrea Evola) ؛ ئیتاڵی: ١٩ی ئایاری ١٨٩٨ لە دایکبوو و لە ١١ی حوزەیرانی ١٩٧٤ مردوە.، ناسراو بە جولیۆس ئیڤۆلا، فەیلەسوف، نیگارکێش، شاعیر، دەروونگەرای ئیتاڵی بووە. 

جۆلیۆ ئیڤۆلا بە "ڕۆشنبیرێکی فاشیست"،[2] "نەریتخوازێکی توندڕەو"،[3] "دژە یەکسانیخواز، دژە لیبڕاڵ، دژە دیموکراسی و دژە مرۆڤ"،[4] و لەژێر ناوی " فەیلەسوفی پێشەنگی بزووتنەوەی نیوفاشیستی ئەوروپی". " دەناسێنرێت.

 

سەرچاوە:

من لەم وبسایتە ورم گرتوە و هەڵبەت لە شوێنیتریش بۆ کەڵک وەرگرتن لە شیکردنەوەی ئاراکانی ئێکۆ کەڵکم وەرگرتوە 

https://www.pressenza.com/de/2017/10/14-merkmale-des-ur-faschismus-nach-umberto-eco/

 

 

kurdi
Share
تا کنون 0 دیدگاه برای این پست ثبت شده است
shahab sheikhi ©