دەخمە

دەخمە* (من ئێشم، کەواتە هەم)

مرۆڤ برینە. مرۆڤ ئێشە. دەخمە (شۆنەما، یان شوێنی برین) نیشانە و پاشماوەی هێمایین (سیمبۆلیک) برینە. ئەگەر بڵێم، مرۆڤ هیچێک نییە جیا لە کۆیەک لە دەخمە کە لەسەر جەستە و بە تایبەت لە سەر دڵ و ڕۆحی جێماوە، ڕەنگە زێدەڕۆییم نەکردبێت. 

حەقیقیترین و ڕاستەقینەترین ئەزموونێک کە یەک مرۆڤ لە ژیانیدا دەیکات و دەیچێژێت، تەنیا و تەنیا ئێشە و ئێشیش بەرهەمی برینە و دەخمە تابلۆی ئەو ئەزموونەیە. 

برین یان زام واتە ئەزموون کردنی جەستەیی هەموو ئەو ئێشانەی کە مرۆڤ دا دەدڕێت.
برین، بڕین، دڕین، دڕان، دڕاندن. بچڕین، بچڕان، بچڕاندن، دابڕین، دابڕان هەموو ئەو شتانەیە کە ئێمە هەست بە ئێش دەکەین. 

ئەگەر لە واتا فیزیکییەکەیدا چاوی لێ بکەین، زام یان برین ئەو کاتەیە کە پێست، دەبچڕێت، دەدرێت، هەڵدەدرێت، لە یەک دا دەبرێت. ئەو کاتەیە کە گەردەکان (مولوکولەکان)، خانەکان (سلولەکان) لە یەک دە بچڕێن و خوێن دەڕژێت. 

ئەگەر زامەکە قووڵ بێت جێگای برینەکە دەمێنێتەوە و دەبێت بە دەخمە یان هەمان نیشانەی بە جێماوی برین. ئەو دەخمەیە، قووڵترین و ڕاستەقینەترین بیرەوەری لەبیرنەچوو و ناچێتی مرۆڤە لە ئەزموونەکانی ژیانی. 

ئەگەر زامەکەش خۆش بێتەوە، ئەگەر جەستەکە بۆ تاهەتا (ئەبەد) چاک بێتەوە، ئەگەر هیچ کارتێکەریەکی لە سەر تواناکانی جەستەمان نەمابێت، بەڵام ئەو دەخمەیە بیرمان دەخاتەوە کە ڕۆژێک، کاتێک، ساتێک، شتێک لە ئێمەدا بچڕاوە، دڕاوە، بڕاوە، دابڕاوە. بۆیە ڕەنگە بڕین و دابڕین باشترین و بەجێترین واتا بێت بۆ برین. 

هێشتا تا ئێستاش بە باوەڕی زۆر لە زانایان و دەروونشیکاران دابڕانی مرۆڤ لە سکی دایکی بە گەورەترین دابڕانی پڕ لە ئێشی مرۆڤ دەزانن. 

هەموو خولیا نۆستالژیەکان بۆ گەڕانەوە، تەنانەت گێرانەوە ئایینییەکان لە بە هەشت، چەشنێکە لەو وێنا ئەمنەی کە مرۆڤ بە دوای گەڕانەوەیەک دا دەگەڕێت بەرەو ئەو شوێنەی، کە لەوێدا ئاسایشێکی «هەر هەبوو و تاهەتایی» (ئەزەلی و ئەبەدی) هەبووە یان دەیبێت. واتە بە دوای هەمان ئەو ئاسایشەدا دەگەڕێت کە لە سکی دایکیدا بوویەتی. 

بڵێیت مرۆڤ دەبێت بمرێت بۆ ئەوەی بژی؟ (هەندێک دەڵێن مرۆڤ لە کوردیدا لە مرۆ، مردوو، مرن، مرد+رۆ، ئەو بوونەوەرەی کە دەمرێت هاتووە)، بڵێیت واتای شاردراوەی ژیان، هەمان مەرگ بێت، هەمان لە دەست دانی ئاسایش و ئەمنییەتی هەر هەبوو (ئەزەلی)؟

 بڵێیت لەدایکبوون کە دەبووایە واتای ڕزگاری و ئازادی ببووایە، لە هەمان کاتتدا واتای لە دەست دانی ئاسایشە؟ هاتنە دەرەوە لەو جیهانە ئەمن و ڕەحەت و ئازادە، لەو جیهانەی کە هەرچێکت دەکرد و نەتدەکرد، نە تەنیا سزای نەبوو بەڵکوو هۆش پێوە بوونی زیاتری بەدوادا دەهات، تەنانەت ئەگەر لەقەیەکت لە سکی دایکت بدایە، نیشانەیەک بوو بۆ ئەوەی کە زیاتر ئاگایان لێت بێت. ئەو جیهانەی کە خواردن و نۆشین و خەوتن و.. هەموو شت تەنیا تۆ خۆت دیاریت دەکرد. دەستی کەس پێت نەدەگەیشت و دەستی هیچ دەسەڵاتێک بەسەرتدا زاڵ نەبوو. بەڵام کە مرۆڤ لە دایک دەبیت شریخەی گریانی منداڵ، یەکەم ئاوازی بەسۆزە کە وەک سترانێکی نۆستالژیک دەیچڕێت! 

جا ئەو کاتەی کە ناوکی دەبڕن، ئەدی مانای جەستەیی برینیش هێمایین (سیمبۆلایز) دەکرێت و جێگەی برینی بڕینی ناوک، وەک نیشانەی بە کۆیلە بوونی ژیان، لەو ئەزەلی حادیس بوونەوە بۆ ئەبەد لە سەر جەستەمان بە شێوەیەکی هەتاهەتایی بە جێ دەمێنێت و یەکەم دەخمە نەک هەر لەسەر جەستەمان بەڵکوو لەسەر ئەو ڕۆحە تا هەمیشە غەریبەمان دادەنرێت.

بڵێیت گەورەترین و قووڵترین زامی مرۆڤ، هەمان لە دایک بوون نەبێت؟ لە دایک بوون واتە قبووڵکردنی بە جێهێڵانی ئاسایش و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو ئازادی.

بۆیە یەکێک لە سەرەکیترین پرسیارە فەلسەفییەکانی مرۆڤ تا ئێستاش، پرسیاری ئازادی یان ئاسایشە؟ ئەگەرچی ئازادی وەک فەزیلەتێک بۆ مرۆڤ دیاری دەکرێت، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە مرۆڤ زیاتر حەز لە ئاسایش و ئەمنییەت دەکات تاکوو لە ئازاد بوون.

لە مێژووی مرۆڤایەتی دا ژمارەی ئەوانەی کە ئاسایشیان کردووەتە قوربانی ئازادی ئەوەندە کەمن کە دەکرێت ژیاننامەکانیان بنووسرێت، بەڵام ئەوانەی کە ئازادیان کردووە بە قوربانی ئاسایش نەک لە مێژوودا، لە هەنوو کەشدا، لە هەژمار نایەن.

چونکە ئاسایش واتە دووری لە زام، مەیلی گەڕانەوە بۆ ئەو کاتەی کە هێشتا زامی دابڕان ئەزموون نەکرا بوو. بەڵام ئازادی یانی ئامادە ببین بۆ بریندار بوون. 

ئەو دابڕانە ئەزەلیە ئەوەندە ئێشی دێت و دەخمەی ئەو زامە ئەوەندە قووڵ و دیارە، هەتا ئێستاش ئەو شتەی کە قووڵترین ئازار و ئێشمان دەداتێ، هەمان بڕان، بڕین و دابڕانە. جا دا بڕان لە کەس و کار و هاورێ و زێد و باوان بێت، یان برینی بڕینی چەقۆیەک بێت کە جەستەمان دەبڕێت. 

بۆیە تەنیا ئازار و زامێک کە مرۆڤ ڕەنگە ئامادە بێت ئارەزوومەندانە وەری بگرێت یان لە کەسێکی خۆشەویستی خۆی بدات، زامی عەشق بە ئازادیە.

بەڵام ئەوین، ڕەنگە خولیای خەوناوی فانتاسمێک بێت، کە مرۆڤەکان دەیانەوێت بۆشایی ئەو بڕین و بڕینانە پڕ بکەنەوە. پارادۆکسێکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ کەم کردنەوەی ئێش و دانەبڕان، و بریندارنەکردن و هەتوانی ئێش و برینی یەکتر و نەوازشی دەخمەی برینە کۆنەکانی یەکتر بن و کەچی بەردەوام برینی تازە و دەخمەی تازە بۆ یەکتر بەجێ بهێڵن. ئەمە حەقێقەتە کە عەشق ئازاردەر و زامدارکەرە. بۆیە کە عەشق ئیشی هەرکەسێک نییە. دەلێن لە فوزیەلی عەیازیان پرسی، «بۆ خۆشەویستی گرێدراوی ئاپۆڕە(‌بەڵا)؟ گوتی: بۆ ئەوەی هەر خوێڕیەک بانگەشەی خۆشەویستی نەکات.» 

چ هەوڵێکی بێمانا و بێ سوودە، کە هەوڵ بدرێت ئەوین بکرێت بە ماڵ و یانەی ئاسایش، لە کاتێکدا، ئەوین تەنیا دەبێت باڵی فڕین لە زامەکانی ئاسایش و ئەمنییەت بێت. ئەوین خۆی قبووڵکردنی زامێکە، بۆ ئەوەی کە ئێش و ئازاری ئازاد بوون و ئازادانە ژیان هەموار تر بکرێت. تەنیا لە ڕەوشتی عاشقانەدایە کە مرۆڤ ئارەزوومەندانە هەم برین وەردەگرێت و هەم ئامادەیە خۆی یان خۆشەویستەکەی بریندار بکات.

هەموو ئەو کاتانەی کە ئێمە عاشق بووین، دەبێت هەستمان بە چرکەی بریسکاوی ئێشێک لە قووڵترین شوێنی دڵ و ڕۆحماندا کردبێت. ئەوەی کە پێ دەڵێن بە یەک نیگا عاشق بووم، ئەو نیگایە ئەو خەنجەرە بوو کە بە بێ ئیجازە شوێنێک لە ڕۆحمان دەبرێت و لێکی دادەدڕێت و بە واتایەک دادەبڕێت و هەموو هەوڵەکانی پاش ئەو چرکەساتە، هەوڵێکی بۆ دەوای ئەو برینە. بەڵام جیاوازی برینی عەشق لەگەڵ برینەکانی تر ئەوەیە کە عاشق نایەوێت کە برینەکە چاکەوە بێت.چونکە عەشق بەرهەم و ئاکامی ئەو برینەیە کە وتمان ئەو چرکە ساتە رۆح یان دڵمان دادەڕێت. ئەگەر ئەو دابڕان و دادڕاوی رۆحە تیمار بکرێت، ئەدی عەشقێک نامێنێت. 

 واتە عاشق ئازادانە ڕەنج دەکێشێت. بڕیاردان لەسەر ئازادی هەمان بڕیار دانە لە سەر قبووڵی ئارەزوومەندانە و عاشقانەی بریندار بوون. واتە کۆکردنەوەی هەموو دەخمەکانی ڕۆح بۆ بیناکردنی پەیکەرەی یەک دەخمە لە بەرژەوەندی ڕزگاریدا. واتە دابڕان لە هەر ئێشێک بۆ یەک ئێش، واتە ئێشی «بوون».       

لە فەلسەفە و زانستی ئەمڕۆدا، ئیتر کەس بۆچوونەکەی ڕێنە دێکارت بۆ پێناسەی بوون قبووڵ ناکات، کە دەڵێت:«من بیر دەکەمەوە، کە واتە هەم». بەڵکوو لە دونیای ئەمڕۆدا دەڵێن «من هەست دەکەم، کەواتە هەم».

هەر وەک دەزانین، ئەو پرسیارکردنە لە «بوون» لە فەلسەفەی گومانەوە دێت. دێکارت بە ڕەوشتی فەیلەسووفە شەکاکە چینییە کان، یان وەک شەمسی تەورێزی و غەزالی، دێت و لە هەموو ئەو شتانەی کە ئێمە وەکوو بەڵگەیەک بۆ بوون هەمانە دەخاتە پرسیار و شکەوە. 

دیکارت لە کتێبی بنەماکانی فەلسەفە (١٦٤٤)دا سەبارەت بە بەدیهێنانی دەستەواژە لاتینییەکەی “ego cogito, ergo sum” دەنووسێت:

« ئەگەر ئێمه هەموو ئەو شتانەی کە گۆمانیان لە سەرە، ڕەت بکەینەوە و وەک درۆ و نارەوا قبوڵیان بکەین، بە ئاسانی دەتوانین ئەوە گریمانە بکەین کە نە خودا، نە ئاسمان(بەهەشت)، نە جەستە؛ کە ئێمە خۆمان نە دەست و نە پێ و نە هیچ جەستەیەکمان هەیە؛ بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانین وا دابنێین کە ئێمە کە پێمان وایە ئەم جۆرە شتانە نین ئەم پێوابوونە و ئەو بوونەوەرەی کە پێیوایە بوونی نیە؛ چونکە دژایەتییەکە کە ئەوەی بیردەکاتەوە لەو کاتەدا بوونی نییە کە بیردەکاتەوە. بۆیە زانینی: "پێموایە (من بیردەکەمەوە)، کە واتە هەم" (بە لاتینی: ego cogito، ergo sum) یەکەمترین و دڵنیاترین بڕوایە کە بۆ بون دەتوانێت بیبێت،  ئەگەر مرۆڤ ئەیەوێت لە سەر رەوشتێکی دروست فەلسەفە بکات(بفەلسەفێت).

بەڵام زانیانی ئەم سەردەمە ئەو شکەیان بە شکەکانی دێکارت زیاد کرد، باشە، ئەی ئەگەر ئەوەی کە من فیکر دەکەمەوە، خۆی زیاتر لە خەیاڵێک نەبێت و لە ڕاستیدا من فیکر دەکەمەوە کە دەفکرێم، ئەی ئەو کات چی؟ 

بۆیە لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دا لە تاقیگە (ئازمایشگاە) دا، مرۆڤێکیان دانا و هەندێک دەزگا و ئامرازی تاقیکردنەوەیان بە خانە دەمارییەکانییەوە گرێدا و ئەو مرۆڤەیان بردە ئاستی نا هۆشیاری. پاشان هەوڵیان دا ئەو هەستانەی کە دەمارەکان لە کاتی هەست کردن بە تەڕی، وشکی، گەرما، سەرما ئێش، تەنانەت ئەو هەستانەی کە مرۆڤ بە دەنگ هەیەتی تاقیکردنەوە و جیای بکەنەوە. یەکێک لەو دەنگانە بۆ نموونە دەنگی باران بوو. کە باران دەباری، مرۆڤ هەندێک دژ کردەوەی تایبەتی لە دەمارەکانیدا نیشان دەدا، کە ئەو دژ کردەوانە نیشانەی ئەوە بوون کە مرۆڤ هەست بە باران دەکات.

 بەڵام ئەوان هەمان نیشانەی باران بارین یان لە ڕێگای ئەو ئامرازانەوە بە دەمارەکانی دا، بە سەر سوورمانەوە بینیان کە، هەمان دژ کردووە نیشان دەدات کە لە کاتی باران باریندا، نیشانی دەدا. کە واتە ئەگەر لە دونیا ڕاستیدا باران نەبێت، بەڵام کە من هەستی پێ دە کەم، واتە هەیە. بۆیە من تەنیا کاتێک هەم کە هەست دەکەم. چونکە ئەگەر فکراندن یان بیرکردنەوە میکانیسمێکی سەربەخۆ لە هەست پێکردن بوایە، دەبوا، مێشک بیری بکردایەتەوە کە باران نابارێت. جا کە وایە دەبێت رستەکەی دێکارت بەم شێوەیە بنووسینەوە: «من هەست دەکەم، کەواتە هەم.»

بەڵام ئەگەر هەموو شتەکان وەک ئەو تاقیکردنەوە، تەنیا وەهم و خەیاڵی ئێمە بن، برین، ئەو شتەیە کە ئێشمان پێ دەدات و هەست بە بوونی خۆمان دەکەین. وەک لە سەرەتاوە گوتم، تەنیا ئەزموونی ڕاستەقینە بڕینە ئەو بڕینەی کە برین و ئێشمان پێ دەدات. ئەو برینەی کە خۆشیش بێتەوە دەخمەکەی دەمێنێت.

مرۆڤ، برینە، مرۆڤ ئێشە. مرۆڤ دەخمەیە. من ئێشم هەیە، من ئێشم. من دەخمەی برینێکی کۆنم. بەڵام بۆ ئازادی بڕیار دەدەم کە برینە کە هی خۆم بێت و دەخەمەکانم بە ئەلف و بێی ئەوین ئازادی بنەخشێنن. 

 

 

 

 

 

 

 

 

*دەخمە، لە کوردی ژووروودا واتە ئەو شوێنی زام و برین کە بەسەر پێستەوە دەمێنێتەوە. ئەو شتەی کە لە ئینگلیزی دا پێی دەڵێن Scar، ئاڵمانی Narbe، بە عەرەبی «ندب». من لە کوردی ناوەندیدا هیچ وشەیەکم بۆ نەدۆزییەوە بۆیە لە هاوڕێیانم پرسی، کە لە زاراوەکانی تردا چی پێ دەڵێن؟ لە کوردی خواروو دا لە فەرهەنگی ئۆنلاینی لەخڤەژین Lex.vejin دا وشەی «ئالگ» یان بۆ دانابوو، بەڵام لە یەک دوو هاوڕێی کەلهوڕی زمانم پرسی، دەیان گوت ئەوە لە ڕاستیدا بەو قەتماخەی زام و برین دەڵێن لک ، «ئا» پێشگری گەورەیە صەک نموونە ئا برا، برای گەورە. واتە ئا لک، یان لگی گەورە. 

لە هەورامیدا دوو وشەی «ماکە» و «شۆنەما» یان بۆی هەیە.  بەڵام کە لەگەڵ کاک بەهرۆزی شوجاعی دا قسەم کرد، گوتی لای ئەوان (کوردی ژووروو) پێی دەڵێن دەخمە، بەڵام خێرا گوتی، ئەگەرچی ئەو وشە لە فارسیدا هەیە و دڵنیا نییە کە فارسییە یان کوردییە، من گوتم بەڵام لە فارسیدا دەخمە مانایەکی تری هەیە و هیچ پەیوەندی بە زام و برینەوە نییە. بۆ ئەوەی دڵنیا ببین، چاومان لە فەرهەنگی فارسی کرد، بەڵێ لە فارسیدا بە شوێنی ناشیرین و خراپ یان خانەی دژ خەنە. دژی خانە یانەی خراپی و شتی وایە. بۆیە کاک بەهرۆز گوتی بە بەرپرسیاریەتی ئەو لە دونیا و قیامەت بنووسە دەخەمە. 

ئەگەرچی من وشەی ماکە و شۆنەما شم پێ جوان بوو، بەڵام هەستم دەکرد ئەوانە وشەی داتاشراون، واتە ماکە ڕەنگە ماگە بوو بێت، دیارە لە کوردیدا ک و گ زۆر جار دەگۆڕێن و ڕەنگە ما+گە بووبێت، واتە ئەو شتەی کە لە برین ماوەتەوە. یان شۆنە+ما، واتە ئەو شوێنەی کە ماوەتەوە، واتە هیچکامیان ناوی تایبەت یان وەک عەرەب دەڵێن. «اسم ذات» نییە. وەکوو بەرد، کە هیچ مانایەکی نییە، بەڵکوو تەنیا ناوی تایبەتی شتێکە. بۆیە من وشەی دەخمەم هەڵبژارد کە نزیکە لە زەخم و زام دەرد و..و لە ناوی تایبەتیش دەچێت.

 

kurdi
Share
تا کنون 0 دیدگاه برای این پست ثبت شده است
shahab sheikhi ©